رێبوار حەمەلاو شوانی
بە هەڵدانەوەی لاپەرەكانی مێژووی دوێنیی هەڵسوكەوت و عەقڵییەتی دەسەڵاتدارانی عێراق و ئەمڕۆش بەتایبەتی نەك هەر هیچ گۆڕینێك بۆ مامەڵەكردنیان بۆ پێكەوەژیان و هاوبەشی و گەڕاندنەوەی مافەرەواكانی گەلی كورد نەهاتووە ، بەڵكو ستەمكارانەتر و شۆڤێنیزمانەتر لە رابردوو كار بۆ سزادان و شكاندنی شكۆ و ئیرادەی گەلی كورد لە سەر خاك و نیشتیمانی خۆی دەكەن .
ئاشكرایە ،حكوومەتەیەك لەدوای یەكەكانی عێراق لەماوەی 11 ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لەو كاتە سەختانەی كە پێشمەرگەی كوردستان وگەلی كورد لە نێو سەختترین بارودۆخی دارایی و ئابوورییدا شەڕی دڕندەترین تیرۆریستان یان دەكرد وعێراق وناوچەكە وجیهانیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان پاراست و بەرگریان لە ئازادی كرد ، ڕێك پێچەوانەكەی عێراق بەڕێگەی فشاری دارایی و سیاسی و ئابووری تەنها بچووكترین هاوكاری هەرێمی كوردستانی نەكرد ، بەڵكو ڕێگەی بە سیاسیكردنی بابەتی مووچە وبودجەوە خەونی شكاندنی ئیرادە و خۆڕاگری و كەرامەتی خەڵكی كوردستانی دەبینی و تاقیدەكردەوە و بە ئێستاشەوە ،
بەدڵنییاییەوە زۆر ئەو بیانوو و پاساوانەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ ڕێگریكردن لە ناردنی ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستان دەیگڕنە بەر، بەتایبەتی كە هەرێمی كوردستان لەڕووی پێشكەوتن و گەشەسەندنەوەی لەگەڵ ناوچەكەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق لە هەموو ڕووێكی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی جیاوازی هەیە و دەیان ساڵی تریش سەرەڕای بوونی سەدان ملیارد دۆلار لە عێراق ، بەڵام بە هەدەر دان و گەندەڵی و بەتاڵانبردنی عێراق ئێستا هاوشێوەی گوندێكی وێرانی گەورەیە ، ئەوەش شكستێكی گەورەیە بەرامبەر خەڵكی عێراق ، هەر ئەوەشە هەر جارەو بۆ ئەوەی شكست و گەندەڵیی و تاوانەكانیان بشاڕنەوە ، دێن و پەڵاماری گەلی كورد و هەرێمی كوردستان دەدەن . لەلایەكی دیكەوە ، ڕێككەوتن و گڕێبەستەكانی كوردستان و ئەمەریكا لە بواری وزە كە لە بەرژوەندی هەموو لایەكە ، وایكردووە ، بابەتی مووچە وەك كارتێكی فشاری سیاسی و ئابووری و دەروونی لە دژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت .
ئەوەش خۆی لەخۆیدا شاراوە نییە ، كەوا دەسەڵاتدارانی عێراق بەهەمان عەقڵییەتی ڕژێمە شۆڤێنی و ستەمكارەكانی پێش خۆیان هەڵسوكەوت لەگەڵ گەلی كوردستان دەكەن ، لەكاتێكدا ، هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری ویاسایی و لە هەموو بوارەكاندا هەوڵەكانی لە پێناو چارەسەری بووە و زۆر لۆژیكانە هەنگاوی وكاری كردووە لەپێناو چارەسەری پرسە تەكنیكی و گرفتەكانی دیكە لەگەڵ عێراق ، ئەوەش بەڕێگەی نوێترین سیستەم ، تاكو چیتر عێراق پاساو بیانوو بۆ ڕێگریكردن لە ناردنی بودجە و مووچەی كوردستان نەهێنێتەوە ، بەڵام ئەوەی لە راستیدا دەبینرێت ، دەسەڵاتدارانی عێراق نەك هەر پێشێڵی دەستوور و یاسا و دادگەیان كردووە ، بەڵكو هەموو خەون و مەرامیان لاوازكردن و شكاندنی ئیرادە و كەرامەت و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوو ، كە ئەمەش چیتر جێگەی قبووڵكردن نییە ، لەوەش قێزەوەنتر ئەوەیە ، هەندێك كەس و لایەنی بەناو كوردی بوونە چاو ساغ و سیخور نەیارانی كوردستان بۆ گەوجاندن و چەواشەكاری ڕای گشتی بەشێوەیەك گوایە هەرێمی كوردستان پابەندی دەستوور و ڕێككەوتننەكان نەبووە ، بەدڵنییاییەوە ، ئەو كارەتەشیان سووتا تا لەوڕێگەیەوە بتوانن سواڵی دەنگ بكەن ، چونكە بەكرێگیراوان باجی قورس دەدەنەوە بە ڕێگەی دژایەتیكردنی كوردوكوردستان و ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر ئاستی هوشیاری خەڵك زیاتر بووە و ئەوانەشی سەنگەریان لە دژی ئەم قەوارەیە و ڕێگری لە ناردنی مووچە و بودجەی كوردستان دەگرن دەبێ چاوەروانی باجی قورسیش بكەن .
كاردانەوەی شۆڤێنیەكانی عێراق ستەمكارانە و دوژمنكارانەیە بۆ
یەكەم ،، سزادانی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان دژی بنەماكانی هاووڵاتیبوون و پێشێڵكردنی بنەماكانی ماف مرۆڤە
دووەم ،، عێراق ، ئازادی و پێشكەوتن و گەشەسەندنی هەرێمی كوردستانی پێ هەرس ناكرێت ، پەشیمان بووەتەوە لە بنەماكانی فیدڕاڵی و جێبەجێكردنی دەستوور و هاوبەشی
سێیەم ،، ڕێككەوتننەكانی كوردستان و ئەمەریكا لە بواری وزە ، عێراق و ئاغاكانی و خەونەكانیانی شكست پێهێنا و تووشی هیستریا كردوونەتەوە
چوارەم،، جەختكردنەوەی ئەمەریكا ، لەوەی پشتیوانی كوردستانێكی بەهێز لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵییدا و گڕێبەستی ستراتیژی لە بواری ئابووری و وزەدا ، جەختكردنەوەی واشنتۆن لە پشتیوانی گەلی كورد و قەوارەی كوردستان ، دیسان عێراق و نەیارانی كوردی تووشی شڵەژان كردۆتەوە
پێنجەم ،، پەیوەندی لەمێژینەوەی كوردستان و ئەمەریكا ، بەتایبەتی لەماوەی سێ دەیەی رابردوو بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2003 وە گەیشتۆتە لووتكە و قۆناغێكی زۆر باش ، ئەو پشتیوانییەش وادەكات ، هەرێمی كوردستان ئەم فشار و گەمارۆ و دژایەتییە گەورەیە بەرامبەر بە گەل و هەرێمی كوردستان زاڵ و سەربكەوێت و خەونی نەیارانی كورد بۆ هەمیشە لەناو بچێت .
بۆیە ، بینیمان چۆن عێراقێكی بەناو فیدڕاڵ هەموو ڕێگەیەكی سیاسی وسەربازی بۆ نەهێشتنی قەوارەی كوردستان تاقیكردەوە ، ئێستا خەونی ئەوە دەبینێت و دەیەوێت بودجە و مووچە وەك كارتێكی گوشار لە دژی خەڵكی كوردستان بەكار بنێت و شانیشی ڕەش وپووكی تاقی بكاتەوە ، بەڵام پێدەچێت مێژوو و ئیرادە و خۆڕاگری ئەم گەلەیان لەبیر چوو بێتەوە ، لە بیریان چوو بێتەوە گەلێك خاوەن رابەرایەتی وەك سەرۆك بارزانی بێت ، خۆڕاگر و بەهێز بێت ئەوا هەمیشە بەسەر هەموو ئاڵنگاری وبەربەستەكاندا زاڵبووە و سەركەوتووە .

































































