زارى کرمانجى:
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار ڕوو لە شارەکانی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند “بەمەبەستی پێشوازی کردنی گەشتیاران بۆ شوێنەگەشتیارییەکان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆیان.”
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستە، ئاستی کەرتی حکوومی و ئاستی کەرتی تایبەتن، لەسەر ئاستی حکوومی مەبەستمان ئەو هەماهەنگیانەیە لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارە حکوومییەکان هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت ئاسایشی بازگەکان کە ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران دەکەن، لە کاتی هاتنە ناوەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: چەندان لیژنەش بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان پێکهێنراون کە لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەن، هاوکات چوار ژمارەی تەلەفوون لەسەر ئاستی چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆ لەسەر هێڵی گەرم دابین کراوە. بۆ ئەوەی لە حاڵەتی نەخوازراو گەشتیار بتوانن پەیوەندیی بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئاستی کەرتی تایبەتیش هەماهەنگی تەواو هەیە لەگەڵ چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و تەواوی بنکە گەشتیارییەکان و ڕاسپێردراون لە ڕۆژانی پشوو و جەژنی قوربان کراوەبن، تاکوو گەشتیار سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕاشیگەیاند “پێشبینی دەکەین بۆ 10 ڕۆژی پشووەکانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار ڕوو لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.”