ئەمڕۆ دووشەممە2ی6ی2025 ، ئانالینا باربۆک وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیا بەبێ راكابەر وەک سەرۆکی ئێستای کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵبژێردرا، باربۆک بە زۆرینەی رەهای دەنگەکان ئەم پۆستەی بەدەستهێنا؛ ئەركی ئانالینا بریتیی دەبێت لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە گشتییەکان لە نێوان 193 وڵاتی ئەندام.
ئەمە لە کاتێکدایە ڕووسیا دژی کاندیدبوونی بایربۆک بوو و داوای دەنگدانی نهێنی دەکرد، بەڵام ئەم خواستەی نەهاتی دی و بایربۆک لە 9ی مانگەوە بە فەرمی دەستبەکار دەبێت، بۆ ماوەی ساڵێک ئەو پۆستە بەرێوە دەبات.
هەڵبژاردنی بایربۆک بەسەر هێلگا شمید، دیپلۆماتکارێکی دێرینی ئەڵمانی کە سەرەتا بە هەڵبژاردەی سەرەکی دادەنرا، مشتومڕی لە ئەڵمانیا دروستکرد. کریستۆف هویسگن، سەرۆکی پێشووی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بڕیارەکەی بە “سوکایەتی” ناوبرد و وتی: گۆڕینی باشترین دیپلۆماتکاری نێودەوڵەتی ئەڵمانیا بە بژاردەیەکی بەسەرچوو، جێگەی قبوڵکردن نییە.
هەروەها سیگمار گابرێل وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕەخنەی لە بڕیارەکە گرت و ڕایگەیاند، باربۆک دەتوانێت زۆر شت لە شمید فێربێت.
بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا بەرگری لە باربۆک کردووە و بە “تەواوی شایستە” بۆ ئەو پۆستە ناوی بردووە. هەروەها باربۆک وەڵامی دایەوە و وتی دەستبەکاربوونی هاوشێوەی زۆرێک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەنجومەنە کە مێژووی وەزارەت یان سەرۆکوەزیرانیان هەبووە.