ئەمڕۆ دووشەممە 6/2 , مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی فەخری کەریم سەرۆکی دەزگەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەلمەدا کرد بە بۆنەی خەڵاتکردنی لەلایەن لووتکەی میدیای عەڕەبی لە دوبەی و دەستنیشانکردنی وەک ( کەسایەتیی ڕاگەیاندنکاری ساڵ) ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەڕێز مامۆستا فەخری کەریم سەرۆکی دەزگەی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و هونەریی ئەلمەدا ،
بە بۆنەی خەڵاتکردنتان لەلایەن لووتکەی میدیای عەڕەبی لە دوبەی و دەستنیشانکردنتان وەک ( کەسایەتیی ڕاگەیاندنکاری ساڵ)، گەرمترین پیرۆزبایی لە بەڕێزتان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
بەڕێزتان ڕۆڵێکی دیار و کاراتان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیریی و چاپەمەنیی و پشتیوانیکردنی نووسەران و ڕۆشنبیران و پەرەپێدانی ئازادیی بیروڕا و ڕاگەیاندنی بەرپرسیار هەیە کە لە خزمەت پرسەکانی هاووڵاتییاندایە. ئومێدەوارم هەمیشە لە پێشکەوتنی بەردەوامدا بن و لە تەندروستیدا بژین.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/6/2