بەرێوهبهرى كارگێڕی ناحیەی دیانا : كۆبۆن نامێنێت و رۆژ نا رۆژێك غاز دابەشی سەر هاووڵاتییان دەكرێت
پشتیوان كەریم – زاری كرمانجی سۆران :
ماوەیەكە كێشەی كەمی غاز رووی لە ئیدارەی سۆران كردووە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوو كۆبوونەوەیەك بۆ هەمان مەبەست بە بەشداری هەر یەك لە قایمقامی ناوهندى سۆران و سەرجەم لیژنەكان، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی سووتەمەنی لە ئیدارەی سۆران ئەنجام درا. بەرێوهبهرى كارگێڕی ناحیەی دیانا هێما بۆ ئەوە دەكات لە ماوەیەكی نزیكدا بە میكانزمێكی نوێیەوە كێشەی غاز چارەسەر دەبێت.
عەدنان ئیبراهیم بەرێوهبهرى كارگێڕی ناحیەی دیانا بۆ زاری كرمانجی باس لەوە دەكات :” وەك ناحیەی دیانا وامان پێ باش بوو سەرجەم لیژنەكان بكرێن بە یەك لیژنە، بۆ ئەوەی بتوانین كۆنترۆڵی دۆخە بكەین، چونكە كەمی غاز گرفتی بۆ خەڵك دروست كردبووە و بەهۆی هاتنی وەرزی زستان غازی بازرگانی بوونی هەبوو لە بازاڕ، بۆیە بڕیار درا كە چیتر غازی بازرگانی نەمێنێت و لە داهاتوودا تەنیا غازی حكومی هەبێت و بە بڕی نۆ هەزار دینار بدرێت بە بازاڕ .
هاوكات گووتیشی:” لە سنوورەكە 36 بریكاری غاز هەیە لە ئێستادا سەرجەم بریكارەكان باریان پێ دەدرێت و لە داهاتوودا هیچ شتێك نامێنێت بە ناوی كێشەی غاز، هەروەها كۆبوونی غاز تەنیا یەك هەفتە كاری پێكرا لە داهاتوو كاری پێ ناكرێت و ڕۆژ نا ڕۆژێك غاز بە هاووڵاتییان دەدرێت”.