فیدراسیۆنی جیهانی بۆکس واز لە ئیمان خلێف خانمە وەرزشوانی جەزائیری ناهێنێت و ناچاریان کردووە، پێش دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پاڵەوانێتیەکان، جارێکی دیکە پشکنین بکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە رەگەزەکەی.
ئۆڵمپیادی رابردوو دەنگۆیەکی زۆر لەسەر رەگەزی ئیمان خلێف خانمە وەرزشوانی جەزائیری دروستبوو، زۆرێک لەو بڕوایەدابوون رەگەزی ئەم خانمە نێرە و ناکرێت لەگەڵ ئافرەتان بەشداری یارییەکان بکات، بۆیە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی ئۆڵمپیادی پاریس، چەند جارێکی پشکنینی بۆ کرا و هەموو جارێکیشی پشکنینەکان رەگەزی مێینەی ئەم خانمەیان پشت راستکردەوە.
دوێنێ هەینی فێدراسیۆنی جیهانی بۆکس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەموو خانمە وەرزشوانەکان پێش دەستپێکردنی هەر پاڵەوانێتیەکە، بە تایبەت پاڵەوانێتی جیهانی هۆڵەندا، پێویستە پشكنینی پزیشکی ناچاری بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە رەگەزەکەیان. لە بەیاننامەکەدا بە ئاشکرایی ناوی ئیمان خلێف هێنراوە.
بەهۆی ئەو گومانانەی لەسەر خانمە وەرزشوانە جەزائیریەکە هەیە، فێدراسیۆنی جیهانی بۆکس بڕیاریداوە ئەمجارەیان پشکنینی بۆ ماوەیی بۆ ئەو خانمە بکات، دواتر لە ئەگەر پشت راستکردنەوەی رەگەزەکەی، ئینجا رێگەی پێبدرێت بەشداری پاڵەوانێتیەکان بکات.
ئیمان خلێف ئۆڵمپیادی رابردوو لە پاریس توانی مێدالیای زێڕ بەدەست بهێنێت، ئەو خانمە وەرزشوانە ئامادەکاری بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانێتی جیهانی هۆڵەندا دەکات، وەکو ئامادەکاری بۆ ئۆڵمپیادی داهاتوو، بەڵام زۆرێک لە فێدراسیۆن و وەرزشوانانی جیهان، دژی بەشداری کردنی ئیمانن لە پاڵەوانێتیەکە.