ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی عێراقی، لەسەر بڕین و ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: برسیکردنی برایانی کورد، سیاسەتێکی هەڵەیە و ناکرێت بابەتی مووچە و قووتی هاووڵاتییان تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان بکرێت.
ماجد سەلیم، لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا، پەیامێکی ئاراستەی حکوومەتی فیداڵ و وەزارەتی دارایی عێراق کرد و گوتی: بۆ حکوومەتی فیدراڵی عێراق، سیاسەتی برسیکردنی برایانی کورد، سیاسەتێکی هەڵەیە و تاوانە دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو سیاسەتەی گیراوەتەبەر، جگە هاووڵاتییان، هیچ کەسێکی دیکە زیانمەند نابێت، ناکرێت ناکۆکییە سیاسییەکانتان کاریگەریی بەسەر هاووڵاتییانەوە هەبێت.
ئەم ڕۆژنامەنووسە، زیاتر روونیكردەوە “بڕین و ڕاگرتنی قووتی خەڵك، هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، هەم لە ڕوانگەی مرۆیی و بەرپرسیارێتی و هەموو ڕوانگەیەکی دیکەوە زۆر هەڵەیە.. نەخێر، نەخێر بۆ سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و هاووڵاتییانی کورد.”
بۆیە داواکارە، هەرچی زووە کۆتایی بەم سیاسەتە هەڵەیە بهێنرێت، لەبەر ئەوەی “منداڵان و فەرمانبەران و خانەنشینان هیچ سووچ و تاوانێکیان نییە.”

































































