کۆبوونەوەی هاوبەشی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بەڕێوەچوو و لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتن.
ئەمشەو هەردوو شاندی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی دیمەشق ڕاگەیەندراوێکی هاوبەسیان دەربارەی کۆبوونەوەکەی نێوانیان بڵاوکردەوە کە بە کۆبوونەوەیەکی ئەرێنی و بنیاتنەر وەسفیان کرد و ئەوەیان خستەڕوو کە لە سەر چوار خاڵ ڕێککەوتن.
لە خاڵی یەکەمدا هاتووە کە هەردوولا بڕیاریاندا لیژنەی لاوەکی تایبەتمەند بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی ١٠ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریا دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا پێکبهێنن.
خاڵی دووەم تایبەتە بە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە تاقیکردنەوە و ناوەندەکانی تاقیکردنەوە، بە جۆرێک کە مافی خوێندکاران و پارێزراوی پرۆسەی پەروەردە دەستەبەر بکات.
گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمەکانی ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و کارکردن بۆ لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی خاڵی سێیەمی ڕێککەوتنەکەیە.
خاڵی چوارمیش پەیوەستە بە کاراکردنەوەی دۆسیەی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسودی کوردنشینی حەلەب و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی مەدەنی بکات.
هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە گفتوگۆی بنیاتنەر و هاوکاری بەردەوام دووپات کردەوە بە جۆرێ کە خزمەتی یەکڕیزی و سەروەری سوریا بکات و خواستەکانی گەلی سوریا بۆ ئاسایش و سەقامگیری بەدیبهێنیت.
هەردوولا ڕێککەوتن کە لە نزیکترین کاتدا کۆبوونەوەیەکی دیکەی هاوبەش بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەدواداچوونی ئەو خاڵانەی لەسەری ڕێککەوتوون، دیاری بکرێت.































































