پڕۆژەی رووناکی ئەمڕۆ بەفەرمی لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو كرایەوە و بوو بە پڕۆژەیەكی فەرمی.
لە ژمارە «334»ی رۆژنامەی «وەقایعی كوردستان»کە رۆژنامەی فەرمی هەرێمی كوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەكات، پڕۆژەی رووناكی وەك بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمی بڵاو كرایەوە.
لەناو پڕۆژەكەدا هاتووە، لیژنەیەكی باڵا بە سەرۆكایەتیی جێگری سەرۆكی حكومەت و ئەندامێتی هەریەك لە وەزیری كارەبا، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وەزیری دارایی، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.
كاری ئەو لیژنەیە بریتییە لە بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ كارەكان و ئاستی جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنەكان دەكەن.
هاوكات ئاماژە بەوەش كراوە، لەناو پڕۆژەكەدا ئەو پاڵپشتییە داراییەی هەیە بۆ كارەبا لە هەرێمی كوردستان، بەردەوامی دەبێت كە بڕەكەی ساڵانە 265 ملیار دینارە.
لای خۆشیەوە، تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، “کۆتایی ئەم مانگە ژمارەی سوودمەندانی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە دوو ملیۆن کەس و کارەبای بەشێکی دیکەی گەڕەکەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەبێتە 24 کاتژمێری.”