دادگای باڵای فیدراڵی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێكی بلاوكردەوە كە تیایدا ئاماژەی بە سكاڵایەك كردووە لەلایەن چەند فەرمانبەرێكی هەرێمەوە لە بارەی مووچەی مانگەی پێنج، كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە بە زوترین كات وەڵامی ئەو داواكارییە دەدرێتەوە بە دەركردنی فەرمانێكی وەلائی بۆ بەردەوامی ناردنی پارەی مووچە.
روونكردنەوەیەك سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ، سكاڵایەك لەلایەن چەند فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستانەوە تۆماركرا سەبارەت بە داواكاری بۆ بەردەوامبوونی خەرجكردنی مووچەكانیان لە هەرێمی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا، بەپێی بڕیاری ئەم دادگایە ژمارە (٢٢٤ و یەكخراوەكەی ٢٦٩/ئیتیحادی/٢٠٢٣ لە ٢٠٢٤/٢/٢١). ئاماژە بەوەشكراوە، فەرمانبەرەكان داوای دەركردنی فەرمانێكی وەلائی دەكەن بۆ پابەندكردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بە خەرجكردنی مووچە وەك جێبەجێكردنێك بۆ بڕیارەكەی پێشووتری ئەم دادگایە كە تێیدا هەریەك لە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدراڵی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان – عێراق پابەند كراون بە بەجێكردنی مووچەی سەرجەم كارمەندانی وەزارەتەكان، پارێزگاكان، ئەو لایەنانەی كە سەر بە وەزارەت نین، سەرجەم كارمەندانی دامەزراوە حكومییەكانی دیكە، خانەنشینان و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی لە هەرێم، لە بانكە حكومییە فیدراڵییەكانی لە دەرەوەی هەرێم، و ئەمەش لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت (كەم دەكرێتەوە) كە بەپێی یاسای بودجە دیاریكراوە.
دادگای فیدرالی ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە كە سكاڵای ئاماژەپێكراو لەم دادگایە بە ژمارە (١٠٤/ئیتیحادی/٢٠٢٥) تۆماركراوە و لە نزیكترین كاتدا بڕیار لەسەر داواكاریی دەركردنی فەرمانە وەلائییەكە دەدرێت.