موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
شەوی ڕابردوو، لە دەشتی هێرتی سەر بەقەزای سیدەكان، گەنجێك كە قوتابی پۆلی 12ی ئامادەییە بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ بەسەختی بریندار دەبێت و تاقی كردنەوەی ئەمڕۆی لەدەستدا.
شەمزین ڕەحیم كەس و كاری گەنجەكەیە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” ئامۆزایەكم بە ناوی ” عەبدوڵڵا تۆفیق شینۆ ” تەمەن 19 ساڵان، دانیشتووی گوندی دوستانایە لە دەڤەری برادۆست، شەوی ڕابردوو بە مەبەستی دابینكردنی پێداویستی تاقی كردنەوە بە ماتۆڕسكیلەكەی دەچێتە دوكان، لە ڕێگادا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت و بە سەختی بریندار دەبێت .
ئەوەشی خستەڕوو، قوتابیەكە لە بەشی وێژەییە لە قوتابخانەی دواناوەندی سنین، ئەمڕۆ تاقی كردنەوەی هەبوو، بەداخەوە بەهۆی ئەو ڕووداوە تاقی كردنەوەكەی لە دەستدا و بێبەش بوو.
شەمزین لە بارەی ڕەوشی تەندروستی ئامۆزایەكەی، ئاشكرای دەكات، نەشتەرگەریەكی سەر بۆ ” عەبدوڵڵا ” كراوە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشكدایە لە شاری هەولێر، داواكارین لە حكوومەت و وەزارەتی پەروەردە ئاسانكاریەك بۆ ئەو قوتابیەمان بكەن، صونكە ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی خوێندنی 12ی ئامادەییە تا ڕەنجی ئەمساڵی بە هەدەر نەچێت “.

































































