مەکتەبی سیاسیی حزبی شیوعی عێراقی، لەسەر ئاڵۆزییەكانی هەرێمی كوردستان و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەكات: رەتی دەكەینەوە بژێوی خەڵكی كوردستان لە ململانێی سیاسی بەكار بهێندرێت.
لە بەشێكی راگەیندراوەكەداهاتووە : ئەو گرژی و ململانێیەی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم هەیە، بووەتە هۆی برسیکردن و بارگرانکردنی ژمارەکەی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا ئەمە سەرچاوەی داهات و بژێویی ڕۆژانەیانە.
زیاتر نووسراوە : کاتی ئەوە هاتووە هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولایەن لە ڕێگەی گفتوگۆی جددی و ڕاشکاوانە و شەفافەوە چارەسەر بکرێت کە دەبێتە هۆی ڕێککەوتنی فەرمی، بەتایبەتی سەبارەت بە بودجە و داهاتی نەوت و گومرگی، لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ڕوون و هاوبەش لە چوارچێوەی دەستوور.
هەروەها نووسراوە : جەخت لەوە دەکەینەوە دەبێت پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم لەسەر بەرژەوەندیی باڵای هاووڵاتییان لە سەرتاسەری عێراق بە خەڵکی هەرێمەوە بنیات بنرێت، دوور لە سزادانی بەکۆمەڵ، ئێمە لە حزبی شیوعی عێراقدا، بەتەواوی ڕەتی دەکەینەوە، بژێویی خەڵکی کوردستان لە ململانێی سیاسیدا بەکار بهێنرێ.
کێشە چارەسەرنەکراوەکان دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆی نیشتمانیی بەرپرسیارانە چارەسەر بکرێن، بەبێ ئەوەی پێشێلکردنی هیچ مافێکی یاسایی هیچ هاووڵاتییەکی لە هەر شوێنێکی عێراقدا لێ بکەوێتەوە”.