لایەنە سیاسییەكان كە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی پیرمان بەشدار بوون هاوڕا بوون كە كیشەی مووچە سیاسییە و جەختیان لەسەر گفتوگۆو دانوستان وەک باشترین چارەسەر بۆ ئەم قۆناغە کردووەتەوە.
ئەمڕۆ31-5-2025، 43 حزب و لایەنی سیاسی لەسەر بانگهێشتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پیرمام كۆبوونەوە بۆ تاوتوێ كردنی دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و بابەتی مووچە، دواتر راگەێندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.
وەک لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە ئەمرۆ شەممە لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام و بەبەشداری ٤٣ حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا بەمەبەسیتی تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی کوردستان و عێڕاق و، کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتیش بریاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆکردن و ڕاگوڕینەوەی پێویست لەسەر ئەم بابەتە، بەشداربوان هاوڕابوون لەوەی کە بڕیاری نەناردنی موچە بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە.
بەپێی هەمان راگەیەنراو بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق و بڕیاری دادگای فیدراڵی و یاسای فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق و ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، پێویستە حکومەتی فیدراڵی پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و، مافی مووچەخۆرانی هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت.
ئاماژە بەوەشکراوە کە بۆ ئەم قۆناغە بژاردەی گفتوگۆ و دانوستاندن باشترین ڕێگە چارەیەو لەهەمان کاتیشدا گشت بژاردەکان بە کراوەیی لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان دەهێڵنەوە.































































