وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕاپۆرتی ئەم دواییەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دۆخی ناڤۆکی ئێرانیان بە “ناهاوسەنگ” و “نەبوونی هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە” وەسف کرد و نووسیویانە ڕاپۆرتەکە “تۆمەتە لایەنگرانە و بێ بنەماکانی ڕابردوو” دووبارە کردەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکە ڕەنگدانەوەی “ئاستی ڕاستەقینەی کارلێکەکان” نییە و بە بەکارهێنانی “بەڵگەنامەی ساختە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دابینکراوە” ئامادەکراوە.
ئەو دوو دامەزراوەیە نووسیویانە کە بەشێک لە ڕاپۆرتەکە ئاماژەیان بە پرسە “ناپەیوەندیدارەکان، بابەتی لاوەكی” کردووە کە مەبەست لێی فشاری “سیاسی” بووە.
لە بەیاننامەکەدا هۆشداریان دراوە ” ئەگەر هەندێک وڵات هەوڵی خراپ کەڵک وەرگرتن لە ڕاپۆرتی ئەو ئاژانسە بدەن بۆ گوشاری سیاسی، کۆماری ئیسلامی ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوە دەگرێتەبەر”.

































































