زاری كرمانجی – هەولێر:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە دۆخ و باری ئابووری هاووڵاتیان، هەمیشە هەوڵیداوە هاوکاربێت و بەشی هەرە گەورەی قورسایی سەر شانی خەڵک هەڵگرێت، ئەمەش لە نەوتی سپی بە تەواوی رەنگی داوەتەوە.
هەرێم و پێویستی نەوتی سپی
کوردستان بە هۆی ساردبوونی، لە چاو شار و شارۆچکەکانی دیکەی عێراق، پێویستی بە سووتەمەنی زیاترە و هەر ئەمەش وایکردووە کە خواستی زۆر، نرخی زیاتری بکەوێتە سەر و ئەم جیاوازییە لە نرخ دا دروستبکات لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە هەرێمی کوردستان (١,٢٧٤,٣٣٨) خێزان تۆمارکراوە بۆ وەرگرتنی نەوتی سپی لە وەرزی زستاندا و پێویستی هەر ماڵێکیش بە شێوەیەکی گونجاو، ٢٠٠ لیترە. بۆیە بەپێی ئەم بڕەیە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە (٢٥٤,٨٦٧,٠٠٠) لیتر نەوتی سپی هەیە، کە بەهاکەی (٩١,٧٣٢,٠٠٠,٠٠٠) دینارە.
بۆ دابەشکردنی ئەم نەوتەش، میکانیزمێک لە سەر ئاستی پێویستی بەپەلە دانراوە، واتە هەرێمی کوردستان دابەشکراوەتە سەر ناوچەی شاخاویی و دەوروبەری شارەکان و نێو شارەکان، چونکە سەرما بەپێی ریزبەندییەکە هەرێم دادەگرێت و هەر ئەمەش وادەکات یەکەمجار ناوچە شاخاوییەکان پێویستیان بە نەوت هەبێت تا نێو شارەکان.
ژمارەی خێزان و پێویستی نەوتی سپیش بەپێی دابەشکارییەکەی سەرەوە، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
ـ لە ناوچە شاخاوییەکان، (٢٥٣،٥٩٠) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (٥٠،٧١٨،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی هەیە.
ـ لە ناوچەکانی دەوروبەری شارەکان، (٢٧٢،٤٤١) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (٥٤،٤٨٨،٢٠٠) لیتر نەوتی سپی هەیە.
ـ لە سەنتەری شارەکان، (٧٤٨،٣٠٧) خێزان هەیە، کە پێویستیان بە (١٤٩،٦٦١،٤٠٠) لیتر نەوتی سپی هەیە.
بەهای نەوتی سپی لە هەرێم
حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت هاوردە دەکات و هەر ئەمەش وادەکات کە بەهای نەوتی سپی زیاتر بکەوێت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستی کردووە لەگەڵ دوو کۆمپانیا بۆ هاوردەکردنی نەوتی سپی، بەڵام لەژێر چاودێری و بەدواداچوونی بەردەوامی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. بەپێی گرێبەستەکە، بڕیارە هەردوو کۆمپانیا (٦٤،٦٠٠،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، تائێستاش کە هێشتا وەرزی سەرما و سۆڵە نەهاتووە، ئەم دوو کۆمپانیایە، (٢٢،١٩٢،٧٥٩) لیتری نەوتی سپییان هاوردە و دابینکردووە و ئەم نەوتەش لە کۆگاکانی حکومەتەوە دابەشی کۆگاکانی پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان کراوە، تا بە زووترین کات بگاتە دەستی هاووڵاتیان. بەپێی ئەو رێوشوێنەی کە دانراوە، بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆ هەر ٢٠٠ لیتر نەوتی سپی (واتە بەرمیلێک) دیاریکراوە، کە بۆ هەر لیترەی دەکاتە (٥٠٠) دینار، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو ٢٠٠ لیترە بە (٢٨٤،٠٠٠) دینار دەکڕێت، واتە بۆ هەر لیترەی (١،٤٢٠) دینار دەدات و کۆی گشتی پارەی هاووڵاتیانیش بۆ نەوت (٣٢,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینارە.
کەواتە هەر لیتری (٩٢٠) دینار دەکەوێت و بۆ ئەو ٢٠٠ لیترەش دەکاتە (٢٨٤،٠٠٠) دینار. واتە حکومەتی هەرێم (١٨٤,٠٠٠) دیناری لەسەر دەکەوێت کە بە رێژە تێچوونەکەی لەسەر حکومەت دەکاتە (٦٤،٧٩٪) و ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بوودجەی سامانە سرووشتییەکان دابینکراوە، کە بۆ ئەو (٢٥٤،٨٦٧،٠٠٠) لیتر نەوتە سپییەی کە بۆ پێویستی هاووڵاتیان لە سەرانسەری هەرێم دیاریکراوە، دەکاتە (٥٩،٤٣٢،٠٠٠،٠٠٠) دینار. بۆیە بە پارەی هاووڵاتیان کە (٣٢,٣٠٠,٠٠٠,٠٠٠) دینارە و پارەی پاڵپشتیکەری حکومەت کە (٥٩،٤٣٢،٠٠٠،٠٠٠) دینارە، بڕی (٩١,٧٣٢,٠٠٠,٠٠٠) دینارە کە دەدرێتە هەردوو کۆمپانیاکە و ئەگەر هاووڵاتیش حەزیکرد کە نەوتەکەی بۆ ببرێتە بەردەمی ماڵەکەی و بەرمیل نەبات و بە کرێ نەیگێڕێتەوە، ئەوا (٢٠٠٠) تا (٢,٥٠٠) دینار دیاری کراوە.
پێویستیی نەوتی سپی بە پێی ناوچەکان
هەرێمی کوردستان، ساڵی پار ئەو خێزانانەی تۆمارکردووە کە پێویستیان بە نەوتی سپی هەیە، کە ئەوانیش برتین لە (١,٢٧٤,٣٣٨) خێزان کە بە هەموویەوە پێویستیان بە (٢٥٤،٨٦٧،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی هەیە و لە گرێبەستی یەکەمی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەگەڵ ئەو دوو کۆمپانیایە کە بڕیارە (٦٤,٦٠٠,٠٠٠) لیتر هاوردەی هەرێم بکەن، (٢٢،١٩٢،٧٥٩) لیتر هاوردە کراوە و تا کۆتایی مانگی ڕابردوو (٦،٧٤٦،٢٠٠) لیتر نەوتی سپی بەسەر (٣٣،٧٣١) خێزان دابەش کراوە کە دابەشکارییەکەش بەم شێوەیەیە:.
ـ لە پارێزگای هەولێر، بڕی (٥،٨٠٢،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی وەرگیراوە و دەست بە دابەشکردنیشی کراوە. لە ناوچە شاخاوییەکان، بڕی (٢،٦٨٠،٢٠٠) لیتر نەوتی سپی بەسەر (١٣،٤٠١) خێزان کراوە.
ـ لە پارێزگای دهۆک، بڕی (٨،١٧٠،٧٥٩) لیتر نەوتی سپی وەرگیراوە و دەست بە دابەشکردنیشی کراوە. لە ناوچە شاخاوییەکان، بڕی (٣،٨٢٤،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی بەسەر (١٩،١٢٠) خێزان کراوە.
ـ لە پارێزگای سلێمانی، بڕی (٨،٢٢٠،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی وەرگیراوە، بەڵام تەنانەت یەک لیتریشی دابەش نەکراوە، سامانە سرووشتییەکان ئەمە بۆ کەمتەرخەمی یەکە کارگێڕییەکان دەگێڕنەوە، بەپێی لێدوانی فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی سامانە سرووشتییەکان، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ دابەشکردنەکە و لیژنەی تایبەت و چاودێریشیان داناوە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکانی ئەو پارێزگایەش پلانی خۆیان داڕشتووە و کۆمپانیاکانی گواستنەوەش ئامادەن، بەڵام بەڕێوەبەرە کارگێڕییەکان کێشەیان هەیە و ئامادە نین، بۆیە هاووڵاتییان لەمەشدا زەرەرمەند بوونە.
ـ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، بڕیی (٢٤٢،٠٠٠) لیتر نەوتی سپی لە کۆگاکانی پارێزگای سلێمانی وەرگیراوە و دابەش کراوە بە سەر (١،٢١٠) خێزان.
چاودێری لەسەر نەوتەکە هەیە
حکومەت تەنیا کار لەسەر دابینکردن و دابەشکردنی نەوتی سپی ناکات بەسەر هاووڵاتیان، بەڵکو لە رێگەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە لیژنەی تایبەتمەندی دروستکردووە، بۆ چێککردنی بەردەوامی ئەو نەوتەی کە هاوردە دەکرێت و دواتریش لەنێو کۆگاکان دووبارە تێست و چێک دەکرێتەوە تا دڵنیا ببنەوە لەوەی نەوتێکی کوالێتی باش دەدرێتە هاووڵاتیان، هەر ئەو لیژنانە چەندین نمونە لە نەوتی ئەو خێزانانە وەردەگرن کە نەوتەکەیان بەسەردا دابەشکراوە. فەلاح سەید مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی، بۆ ئەم مەبەستە راستەوخۆ و لەبەردەم ئامادەکارانی ئەم راپۆرتەی پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری، پەیوەندی بە لیژنەکانی بەدواداچوون و چاودێری نەوتە سپییەکە لە پارێزگاکان کرد، بۆ ئەوەی بزانرێت چەند تانکەرە نەوت رەتکراوەتەوە لەبەر خراپی کوالێتییەکەی کە بەمشێوەیە بوو:
ـ لە پارێزگای هەولێر، ٣٦ تانکەری ٣٦،٠٠٠ لیتری، رەتکراوەتەوە.
ـ لە پارێزگای لە دهۆک، ٧ تانکەری ٣٦،٠٠٠ لیتری، رەتکراوەتەوە.
سەرچاوە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری