کامەران عوسمان ئەندامی رێکخراوی ئاشتی ئەمەریکی لە پۆستێکدا دەڵێت” سوپای تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر سنوری قەزای ئامێدی”.
كامەران زیاتر نووسیویەتی ” لە ڕۆژی ٢٤ی ئایارەوە سوپای تورکیا (٨٣) جار هێرشی کردۆتە سەر چیای نزارکێ، لە سنوری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی. تەواوی هێرشەکان بۆ سەر یەک شوێنی دیاریکراوبوون و هەموو ڕۆژێک لە ڕێگەی تۆپخانەکانیەوە، سوپای تورکیا ئەو شوێنەی تۆپباران کردووە”.
بڵاویشی كردۆتەوە ” لە هەمان کاتدا، بەتەنیا لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، سوپای تورکیا (٤٥) جار تۆپبارانی گوندەکانی (بەری گارێ)ی لە سنوری ناحیەی دێرەلوک لە قەزای ئامێدی کردووە”.
کامەران عوسمان دەشڵێت ” بەمەش لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە (١٢٨) هێرش و هەمووشی تۆپباران بووە. هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبوونەتە قوربانی، بەڵام بەردەوامی تۆپباران و هێرشەکان بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ دانیشتووانی سنوری قەزای ئامێدی”.
ئەم هێرشانەی تورکیا لە کاتێکدایە کە لە سەرەتا مانگی ئایارەوە پەکەکە بڕیاری خۆ هەڵوەشاندنەوەو راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر سوپای تورکیا دەرکردووە.

































































