بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بارەی بڕینی مووچەی هەرێمەوە لەلایەن بەغداوە دەڵێت ” ” مایەی شەرمەزارییە کە دەسەڵاتداران سزای ئەو کەسانە دەدەن کە هیچ سەرپێچییەک و تاوانێکی بچووک و تاوانێکی گەورەیان نەکردووە، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گرێبەستی سیاسی نین، هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە”.
لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت ” مووچەخۆرانی حکومەت، بە گوێرەی دەقێکی یاسایی روون مووچە وەردەگرن و بەشێک نین لە گرێبەستێکی سیاسی و نابێت تێکەڵبکرێت بەو دۆسییانەی پەیوەستن بە دەزگا فیدراڵییەکان”.
میرانی دەشڵێت ” فەرمانبەرانی حکومەت کە سەرجەم مەرجەکانی فەرمانبەرییان تێدایە، بەگوێرەی دەقێکی یاسایەکی روون مووچەکانیان وەردەگرن، بەگوێرەی یاسای رێکخستنی فەرمانبەری دەوڵەت، هیچ بڕگە و ماددەیەکی یاساکەیان لە رووی سزادانەوە بەسەردا جێبەجێنابێت، لەکاتێکدا سزادانی فەرمانبەر بە بڕینی مووچەکەی پێویستە سەرەتا سەرنجراکێشانی بۆ بکرێت و دواتر ئاگادارکردنەوە و پاشان مووچەبڕین”.
” بۆچی بە بڕین و دواخستنی مووچە سزای فەرمانبەرانی کوردستان دەدرێت و کەسانی بێتاوان تێکەڵدەکرێن لەو دۆسییانەی پەیوەستن بە دەزگا فیدراڵییەکان”.( میرانی دەڵێت ).
میرانی جەختیکردووە، فەرمانبەرانی کوردستان فەرمانبەری عێراقین، ناو و ناونیشان و وێنەی کەسی و زانیارییەکانیان ئەوە دەرناخات کە بیانین یاخود هێزێکن کار بۆ وڵاتی دیکە دەکەن.

































































