مـەشعان جبوری، کەسایەتی سیاسی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق ڕووداوێک نابێت بە ئاسانی تێپەڕ بێت، بەڵکو بومەلەرزەیەکە سەقامگیریی لە عێراق ناهێڵێت.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، لەگەڵ کۆبوونەوەی پارت و لایەن و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە پیرمام لەپێناو وەرگرتنی هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە بەرانبەر بەغدا و پێشێلکردنی دەستوور، مەشعان جبوری، کەسایەتی سیاسی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوویەتی: کورد هاوبەشی سەرەکیی بوون لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام، لەگەڵ کردنەوەی دەرگای نێودەوڵەتی بەڕووی ئۆپۆزسیۆن.
دەڵێت: کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق تەنها ئامادەنەبوون نییە لە پرۆسەکە، بەڵکو ڕووخانی بەشێکی شەرعییەتی نیشتمانییە، زۆر زەحمەتە عێراق بتووانێت بەرپرسیارەتی کاردانەوەکانی ئەو بڕیارەی کورد بگرێتە ئەستۆ.
لە کۆتایشدا نووسیوویەتی: هیچ جێگرەوەیەک بۆ گفتوگۆ و دیالۆگ نییە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 31-05-2025، کۆبوونەوەی گرنگ و فراوانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام دەست پێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی گشتیی ئێستای عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچەکە دەکرێت. هەروەها هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش لە بەرانبەر بڕیاری وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجنەکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەینرێت.