بەختیار سەباح -زارى کرمانجى:
گەنجێکى تەمەن ١٦ ساڵەى باڵەکایەتى بە سەدان ئاواتى هەبوو، بەڵام بەهۆى هەژارى خێزانەکەى، لەپاڵ خوێندن خەریکى کارکردنیش بوو، لە کاتى چوونى بۆسەر کار بە ڕووداوى هاتووچۆ گیانى لەدەستدا.
محەممەد، لە قۆناغى یەکەمى پەیمانگە دەیخوێند، لەولاش بەهۆى هەژارییەوە لە دوکانێکى گەسفرۆشى خەریکى کارکردن بوو، چونکە دەیەویست بەسەربەرزییەوە قۆناغەکانى خوێندن تەواو بکات و دواڕۆژێک بۆخۆى و خێزانەکەی و باوکە هەژارەکەى مسۆگەر بکات، بەڵام ئاواتەکانى محەممەد نەهاتنە دى و لەگەڵ خۆى بردنە دونیاى ئەولا و تا ئەبەد باوک و دایکى لە چاوەڕوانى هێشتنەوە.
ماوەیەک بەر لە ئێستا، کوڕە گەنجێک بەناوى ( محەممەد ئەحمەد بندایزانى) تەمەن ١٦ ساڵ، بەهۆى ڕووداوى هاتووچۆ بەسەختى بریندار بوو، دواى مانەوەى لەژێرى چاودێرى چڕى پزیشکى مایەوە و بارى تەندروستى ناجێگر بوو، دوێنى بەهۆى سەختى برینەکەیەوە گیانى لەدەستدا.
کەسێکى نزیک لە خێزانى محەممەد ئەحمەد، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” محەمەد کوڕە گەنجێکى ژیر بوو، لە خێزانێکى هەژار بوو، ئەو لە پەیمانگە و حوجرەى فەقییان دەیخوێند و لە قۆناغى یەکەم بوو، باوکی سەرپەرشتى تەکییەى خەلان و شێخەکانى زینوێی دەکرد ، بەڵام بەهۆى هەژارییەوە، لە پاڵ خوێندن بۆ دابینکردنى بژێوى ژیانى، لە دوکانێکى گەسفرۆشى خەریکى کارکردن بوو، لەبەر ئەوەش باوکى ماتۆڕسکیلێکى بۆ کڕیبوو، بۆ ئەوەى پێى بچێتە سەرکار، لە کاتى چوونى بۆ سەر کار لە ڕێگە تووشى ڕووداوى هاتووچۆ دەبێت و بە سەختى بریندار دەبێت، پاش چەند ڕۆژ مانەوەى لەژێر چاودێرى پزیشکى دوێنێ گیانى لەدەستدا.
ئەوەشى گووت، لەو ڕۆژەى محەممەد تووشى ڕووداوى هاتووچۆ بووە، دایک و باوکى ژیانیان نەماوە، جەستەیان لاواز و سیس بووە، هیچ هێزێکیان لەبەر بڕاوە، زۆر عاجز و غەمبارن، بۆ لەدەستدانى کوڕەکەیان، چونکە هیواى زۆریان پێى هەبوو، مەرگیش ڕێگەى نەدا محەممەد بە ئاواتەکانى بگات.