د. بارزان صباح
مامۆستای زانکۆ
لە مێژووی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، دیاردەیەکی بەردەوام، تێبینی دەکرێت کە لە ساتە حەساسەکاندا دەردەکەوێت. ئەویش هەرکاتێک هەرێمی کوردستان بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق یان هەڕەشەکانی لایەنە ئیقلیمیەکانەوە کێشەو بەربەستی بۆ دروست دەکرێت، هەندێک کەسایەتی میدیایی دەست دەکەن بە هێرشی ڕەخنەیی بۆ سەر دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم و سەرکردایەتی کورد.
یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەم جۆرە دیاردانە ئەحمەد میرە، وەک نموونەیەکی بەرچاو دادەنرێت، کە لەگەڵ چەندین نوسەری کوردی تر لە هەمان ڕێڕەودا، لە کاتی قەیرانە سیاسییەکاندا بەشێوەیەکی ئاشکرا هەڵوێستی ڕەخنەیی دەگرنە بەر کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی دژبەرانی هەرێمی کوردستان هاوتەریب دەبێت، ئەمەش پرسیاری جدی دروست دەکەن سەبارەت بە ساتەوەخت و ئامانجی وەها هەڵوێستانە.
ئەم جۆرە کەسانە، هەوڵی بێبایەخکردنی دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێم دەدەن و ئامانجیانە کاریگەری نەرێنی لەسەر یەک هەلوێستی دەنگی کورد دروست بکەن، هەولی دابەشکردن و پەرتەوازەیی دەدەن لەناو لایەنە سیاسیەکان و کۆمەڵگای کوردیدا، لەو کاتانەی کورد پێویستی بە یەکگرتوویی نیشتمانی یەک دەنگی زیاترە، ئەم جۆرە هەڵوێستانەش بە بەرژەوەندی بۆ دژبەرانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت کە ئامانجێکی سیاسی ڕوونی لە پشتەوە هەیە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بلێین میدیا وەک بزوێنەرێکی بەهێز لە کۆمەڵگادا، بەرپرسیارێتی گەورەی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمان. کاتێک ئەم بەرپرسیارێتییە خراپ بەکاردێت بۆ مەبەستە تایبەتییەکان و لێدان لە سەروەرییەکانی قەوارەی هەرێم ، ئەوا گورزی گەورە بە ئاسایشی نیشتمانی دەگەیەنێت. بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان هۆشیارانەتر مامەلە بکەن، دەبێت جیاوازی بکات لە نێوان ڕەخنەی کۆنستڕۆکتیڤ و ئەو هەڵوێستانەی کە بە بەرژەوەندی دژبەرانی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دادەنرێن.































































