زارى کرمانجى:
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی داوای لە وڵاتان کرد، بەپەلە ڕێ لە جگەرەی ئەلیکترۆنی(ڤەیپ) و نیکۆتین بکەن لەبەر ئەوەی زۆر بە فراوانی لەنێو گەنجان بڵاوبووەتەوە.
ڕێكخراوەکە زۆر تایبەت هەر سێ تامەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە نەعناع و بنێشت و شیرینی دیاریی کردووە کە جێی مەترسین.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی، ئەمڕۆ شەممە 31ـی ئایاری 2025، بەبۆنەی ڕۆژی ڕووبەڕووبوونەوەی توتن بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو تامانەی بۆ جگەرەی ئەلیکترۆنی دروستکراون، ژەهراوین و گەنجان دووچاری مەترسیی دەکەنەوە.
ڕێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، ئەو بەرهەمانەی جگەرەی ئەلیکترۆنی، نەخۆشیی توند لە سییەکان دروست دەکەن، دەشڵێت: تامەکان و پاکەتە جوانەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی، لەگەڵ ڕیکلامی سۆشیال میدیا، بە تایبەتی ئامانجیان لێی گەنجانن.
ساڵی 2022، سەدا 5.12 ـی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە هەرێمەکانی ئەوروپا کە 53 وڵات لەخۆ دەگرێت، جگەرەی ئەلیکترۆنیان بەکارهێناوە، ئەوەش بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی.
ڕێکخراوەکە هۆشداریی داوە لەو تامانەی سەرنجی منداڵان و هەرزەکاران ڕادەکێشن بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، ئەمەش وایان لێدەکات ئاڵوودە بن.
دکتۆر تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیی دەڵێت: تامەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی نەوەیەک لە ئاڵوودەبووان دروست دەکات، پێویستە ڕێگریی لێ بکرێت.
































































