لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، لە بەدواداچوونێكی زاری كرمانجیدا لەبارەی ئەوەی ئایا ئەم نرخە تاچەند كاریگەری هەبووە لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیری، زێڕینگرێك، ئاشكرای دەكات: كاریگەری نەبووە، چونكە لە ئێستادا بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری هاووڵاتییان داوای زێڕی كەمتر دەكەن.
حەسەن عەلی، هاووڵاتییەكی شاری سۆرانە، بە زاری كرمانجی گووت: دوو ساڵە نرخی زێڕ لە بازاڕدا بەشێوەیەكی وا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە، لەوانەیە لە توانای هەموو كەسێكدا نەبێت تەنانەت چەند مسقاڵێكی كەمی زێڕیش بكڕێت، بەتایبەتی ئەو كەسانەی كەمدەرامەتن”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: لە دێر زەمانەوە تائێستا خەڵكی ئێمە واڕاهاتوون لە كاتی پڕۆسەی هاوسەرگیریدا لەلایەن ماڵی زاوا چەندین مسقاڵ زێڕ بۆ بووكەكەیان بكڕن، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بەتایبەت لەو سەردەمەی ئێستادا، بۆ نموونە ئەگەر دایك و باوك یان كەسوكاری بۆ كوڕەكەیان خوازبینی كچێك بكەن، ئەگەر بزانن داوای زۆر زێڕ و ماڵ دەكەن، لەوانەیە پاشگەز ببنەوە لە داواكاریەكەیان، بۆیە ئەركە هەموو لایەك درك بەوە بكەین كە لە ئێستادا نرخی زێڕ لە چ ئاستێكی بەرزدایە، لەپێناو بە قەیرە نەبوونی كوڕ و كچەكانمان زێڕ و شتی دیكە نەكەینە بیانو بەڵكو بیر لە خۆشبەختی هەردوو لا بكەینەوە”.
ئافرەتێكی دیكەی سنووری ئیدارەی سۆرانە، كە نەیویست ناوەكەی بنووسین، بۆ زاری كرمانجی ئەوەی خستەڕوو: “پەیوەندی سۆزداریم لەگەڵ كوڕێك هەبوو لەسەر بنەمای بەیەك گەیشتن و هاوسەرگیری كردنمان، بەرلەوەی كوڕەكە كەس و كاری بنێرێتە داوام دایك و باوك و خێزانەكەی خۆم لەوە تێگەیاندوون ئەگەر تەنها ئەڵقەیەكیشم بۆ بكات من ئامادەم بۆ ئەو هاوسەرگیرییە”.
دەشڵێت: خۆشبەختانە خێزانەكەم لێم تێگەیشتن و لەكاتی داواكاردنیان وتیان بە ویستی خۆتان بن هەرچەند لە تواناتان بێت، نامانەوێت زێڕ و ماڵی دونیا ببێتە بەربەست لەبەردەم ئەو هاوسەرگیرییە، دواجار ماڵی خەزوورم كەمتر لە 10 مسقاڵ زێڕیان بۆ كردووم و زۆریش ئاسوودەم بەم هاوسەرگیریەی نێوانمان، كە زیاتر لەسەر بنەمای ڕەوشت مرۆڤایەتییە نەك خۆهەڵكێشان و زێڕ و پارە.
ڕەشید شێروانی، زێڕینگرە لە بازاڕی قەزای ناوەندی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: وەك دیاربوو بەتایبەت لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بەتایبەتیش لەمساڵدا نرخی زێڕ لە بازاڕەكاندا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەیەكی بەردەوام بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام نرخەكەی هەر بە بەرزی ماوەتەوە و لەوانەیە لە توانای كڕینی هەموو كەسێكدا نەبێت بەتایبەتیش ئەوانەی كەمدەرامەتن”.
ئەوە زێڕینگرە، دەشڵێت: سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕدا كەچی خواست لەسەر كڕینی زێڕ لەلایەن ئەو كەسانەی پڕۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن بەردەوامە، واتە هاوسەرگیری كردن كەمی نەكردووە، بەڵكو لە ئێستادا داوای مسقاڵی زێڕی كەمتر دەكەن، بۆ نموونە لە ئێستادا لە نێوان ( 5 بۆ 15) مسقاڵ زێڕ دەكڕن لە كاتی هاوسەرگیری”.
ئاماژە بەوەشدەدات: داواكردنی مسقاڵی زێڕی كەمتر بۆ هاوسەرگیری بۆ گرانی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ساڵانی پێشووتر زۆربەی خەڵك كە سەردانیان دەكردین داوای چەندین مسقاڵی زێڕیان دەكرد، بەڵام لەو كات و ساتەدا بەدوای ئەوە وەن كە پڕۆسەی هاوسەرگیری بەو شێوە تێبپەڕێنن، كە لەگەڵ بارودۆخی دارایی ئەوان گونجاو بێت.