دوێنێ دەستەی كارگێڕیی پارتی دیموكراتی كوردستان داوای لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد، كۆبوونەوەیەكی فراوان ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێكردنی دۆخی هەنووكەیی كوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ، مەكتەبی سیاسیی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لە پیرمام كۆ دەبێتەوە، پێكەوە گفتوگۆ لەبارەی بڕیارەكەی وەزارەتی دارایی عێراق دەكەن.
چەند لایەنێكی كوردستانی لە لێدوانی جیاجیدا ئاشكرایان كردووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بانگهێشتی كردوون، بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی فراوان لەسەر ئاستی تەواوی حزبە كوردستانییەكان، ئامانجیش لەو كۆبوونەوەیە تاوتوێكردنی دۆخی هەنووكەییە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، ئەمڕۆ كۆبوونەوەكە لە پیرمام بەڕێوە دەچێت. لایەنە كوردستانییەكان وەڵامی ئەرێنییان بۆ بانگهێشتەكەی پارتی هەیە و بە پێویستی دەزانن ئەو كۆبوونەوەیە بكرێت.
دوو رۆژ لەمەوبەر تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێكدا دەڵێ، هیچ مووچەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت. ئەمەش لەسەر ئاستی كوردستانی و عێراق ناڕەزایی لێ كەوتووەتەوە.































































