مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند “بۆ ئەوەی مزگەوتەكان سیما و مۆركێكی كوردەوارییان پێوە دیار بێت و دوور بێت لە لاسایی كردنەوەی مزگەوتەكانی وڵاتانی دراوسێ، بڕیار دراوە سەرجەم مزگەوتەكان لەسەر شێوەی كڵاو و جامانەی كوردی دروست بكرێن،”
محەممەد موشیر، بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەكان لە وەزارەتی ئەوقاف لەمبارەوە ڕاگەیاند “ماوەیەك بەر لە ئێستا داوامان لە ژمارەیەك نووسینگەی ئەندازیاری كرد دیزاینی تایبەت بۆ دروستكردنی مزگەوتەكان بنێرن و دوای هەڵسەنگاندنیان بڕیارماندا مزگەوتەكان لەسەر شێوەی كڵاو و جامانەی كوردی دروست بكرێن.”
محەممەد موشیر باس لەوەش دەكات كە ئەم بڕیارە گوندەكان ناگرێتەوە بە هۆی بچووكی مزگەوتەكانیان و دەشڵێت “تا ئێستا مۆڵەت بە زیاتر لە 100 مزگەوت دراوە بۆ دروستكردنیان لەسەر ئەم شێوازە، زیاتر لە 50 مزگەوت دەكەونە شاری هەولێر و بەشێكیشیان تەواوكراون،”
ئامانج لەم بڕیارە هەر وەكوو بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەكان ئاماژەی بۆ دەكات “بۆ ئەوەیە چیتر مزگەوتەكان لەسەر شێوەی وڵاتانی دراوسێ دروست نەكرێن.”

































































