د.گۆران مامند مەمیخەلی
راوێژکار و سەرپەرشتکاری پەروەردەیی
لە ئەمینداریەتی زانکۆ،پەیمانگا و قوتابخانە نێودەولەتیەکانی جیهان
خوێنەری بەرێز : من لەم نوسینەمدا هەوڵی خۆپارێزی دەدەم لە پەرەسەندنی بیری هاورەگەزبازی وەک ئەگەرێکی مەترسیدار کە لە داهاتوودا رووبەرووی منداڵەکانی ئێمە دەبێتەوە نەک وەک دیاردەیەکی گەشەکردوو ئیستا بوونی هەبێت ..
سوپاس بۆ خودای گەورە کە پەروەدەکاران، مامۆستا، ئاینیەکانمان و میراتی کەلتوریمان ڕۆلی گەورە و مەزنیان هەبووە لەوەی کە هاورەگەزبازی نەبێتە دیاردە لە کۆمەڵگاکەمان، بەڵام لە پێناو گەشە نەسەندنی ئەو کەیسە تایبەتانەی شاهیدی بوونیانین، پێویستە هەڵوێستەیەک بکەین.
لە کوردستانیشدا، پێویستە باس و خواسە ئەکادیمیەکانیش لەسەر بنەمای بەهاکانی ئاینی و کولتووری خۆمان دابمەزرێن. بەتایبەت چاومان لەسەر ئەوانە بێت لە ناو دامەزراوە پەروەردەیەکان بە پرۆسەیەکی دروست یان بە بارودۆخێکی نا دروست ڕۆلی کەم یان زۆریان دراوەتێ .زانکۆکان و دەزگا پەروەردەییەکان دەبێت ڕۆڵی خۆیان لە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ناسنامەی ئیسلامی و کوردی زۆر توندتر بپارێزن ، لە بری ئەوەی تەنها کۆپیکردنی نموونە ڕۆژئاواییەکان بن.
گەنجانی وڵاتەکەمان پێویستیان بە پەروەردەیەکە کە بۆ زانست و تەکنەلۆجیای سەردەم، بەهاکانی ئاینی و نەتەوەییەکانمان ئاسایش و گەرەنتی پێشکەوتنی کۆمەڵگا دابین بکات، چونکە ئەمە بە مانای دووربوون لە پێشکەوتن نییە، بەڵکو بە مانای دروستکردنی هاوسەنگییەکە لەنێوان ئاسایشی بەهاکانمان، نوێبوونەوەی کۆمەڵگاکەمان و پاراستنی ستاندارتە نێودەولەتیەکانە بۆ پەروەردە و فێرکردن.
دەزگا پەروەردەییەکانی کوردستان دەبێت پشتگیری لە لێکۆڵینەوە و باسکردنی بابەتەکان بکەن کە لەگەڵ پێداویستی و ئاسۆکانی کۆمەڵگای کوردی دەگونجێن، نە تەنها ئەوانەی لە بازارە جیهانییەکان سەرچاوە دەگرن. هەروەها، دەبێت وشیار بین لە بەرامبەر هاوڕەگەزبازی و ئەو بیرۆکانەی دژی بنەما سەرەکی و بەها ئەخلاقی و ئاینییەکانمانن، کە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی و پیاوەتی ڕاستەقینەمان دروست دەکەن، نابێت ئاسایی ببێتەوە بڵێن فڵان بەرپرسی دەوڵەتی، سیاسی، حزبی یان بەرپرسیاری فڵان دامەزراوەی پەروەردەیی هاورەگەزبازە، چونکە ئەم هزرانە هەوڵی وێرانکردنی بنەمای خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تەندروستەکان دەدەن کە ئەرکمانە بە پتەوی، دانایی و بوێریەوە بەرەنگاریان ببینەوە.
هاوڕەگەزبازی پێشکەوتن نییە بەڵکو پاشگەزبوونەیەکی گەورەیە لە بەهاکانمان، چونکە ئازادی ڕاستەقینە بریتییە لە ژیان بە گوێرەی سروشت و بەهاکانی مرۆیی نەک نادیدەگرتنی رەسانایەتی مرۆڤ بوونمان، کوردبوونمان و موسولمان بوونمان.
کۆمەڵگا پێگەیشتووەکان لەسەر بنەمای خێزانی بەهێز و ڕۆڵە سروشتییەکانی پیاو و ژن دروست دەبن کە سوپاس بۆ خودای گەورە ، ئاینی ئیسلام و میراتە کەلتوریەکەمان ئەم بنەمایانەی بە ئێمە بەخشیوە . ئەوەی پەیوەستە بە ڕۆژئاوا خۆشیان لە ئەنجامەکانی پێچەوانەی ئەم ڕێگایە دەبینەوە، لە لاوازبوونی خێزان و کەمبوونەوەی لەدایکبوون و نائارامی کۆمەڵایەتیدا. کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بە پەروەردەیەکی جیددی هەیە کە ڕێز بۆ ڕۆڵی سروشتی پیاو و ژن و بەهاکانی خێزانی ئیسلامی بگرێت. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە زۆر ئاگاداری پرۆگرامی قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەیە نێودەولەتی و ناحکومیەکانی ولاتەکەمان بین وە تایبەت ئەو کارەکتەرانەی ڕۆڵ و بەرپرسیارەتیان هەیە لەو دامەزراوانە.
بەم جۆرە دەتوانین لە هەمان کاتدا زانست و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو، پاراستنی بەها ئاینی و کولتوورییەکانمان و ڕێزگرتن لە ڕۆڵی سروشتی پیاو و ژنمان هەبێت. لە جیاتی کۆپیکردنی هەموو شتێک لە ڕۆژئاوا، نموونەیەکی جیاواز و سەرکەوتوو بۆ جیهان پێشکەش بکەین کە دەرخەری ئەوە بێت، پێشکەوتنی ڕاستەقینە پێویستی بە وێرانکردنی بەهاکانمان نییە بەڵکو دروستکردنی هاوسەنگییە لەنێوان ئاسایشی کەلتوری، ئایینی و پێشکەوتن دا.


































































