زاری كرمانجی – هەولێر:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری میری، راگەیاند، لە ساڵی 2004ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، “هیچ دەقێکی نووسراو لەنێوانمان نەبووە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، “نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت.” لەبارەی محەممەد شیاع سوودانی دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گوتی، “شایستەی ئەوەیە کە پشتگیری بکرێت” و داواش دەکات، “دەرفەتی پێبدرێت بۆئەوەی هەندێک لەو کێشانەی لە عێراق هەن، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.”
دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، “هێندە رەشبین نیم کە بڵێم کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ناکرێن، بەڵام ئەوە گرنگە کە چۆن سەیری یەکدی دەکەین، دەبێت هەردوولا دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش.”
سەبارەت بە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، زۆر هەوڵی داوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، “بەڵام بەداخەوە حیزبەکان لەسەر شتی زۆر بێ واتا” نەگەیشتنە ئەنجام؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش حەزیان نەدەکرد ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە و هیوای خواست بتوانن بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە “دەستوورمان هەبێت.”
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە کرد و گوتی، “زۆر هاوکارن بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە و، پرۆسەکەش بەرەو پێشەوە چووە، بەڵام هەمووی تەواو نەبووە و نابێت ئەو هەنگاوانە بە کەم ببینین.”
نێچیرڤان بارزانی داوای کرد، پرسی کوردانی ئێزدی نەکرێت بە “کارتی سیاسی و بەکاربهێندرێت” و گوتیشی، “ئێزدییەکان سەختیی زۆریان بینیوە، تاوەکو ئێستاش وەکو پێویستە ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە.” داوایشی کرد، رێککەوتنی شنگال وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و “ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە شنگالەوە نییە، دەبێت لەوێ دەربچن.”
لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەگەر “دۆخی ئەمنیی عێراق تێکبچێت، هەرێمی کوردستانیش تێکدەچێت” گوتیشی، “هیوادارم عێراق و هەرێمی کوردستان توانیبێتمان وانە لە رابردوو وەربگرین.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “مام جەلال و سەرۆک بارزانی ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆ ئەم عێراقە کردیان.” گوتیشی، “سەقامگیریی عێراق بەندە بە هەرێمی کوردستانەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێت، ئەمە دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ بەغدا،” مەرجی یەکەمی سەقامگیریی عێراقیش بە “چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان” دەزانێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، “ناکرێت بەغدا هەرێمی کوردستان بە کەم وەربگرێت، بۆ بەغدا وا باشترە کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هەولێر داوای چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور دەکات.”
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2004ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، “هیچ دەقێکی نووسراو لەنێوانمان نەبووە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە.”