محەممەد مەحموود- سۆران :
بەهۆی کەم بارانی و وشکەساڵی ئەمساڵ داواکاری لێدانی بیری ئاوی لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆران زیادی کردووەو بەم هۆیەوە لیژنەیەکی تایبەت مەند پێکهێنراو بەپێی بڕیارو رێنماییەکان دەبێت سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت.
هەرێم فازڵ، بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” لەسەر ڕاسپاردەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبوونەوەیەک ئەنجامدارو لیژنەیەکی هاوبەش لە هەریەکە ئاسایش، بەڕێوەبەرایەتی ئاو، بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو لە ئیدارەی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەرایەتی کارو باری ناوخۆ پێکهێنرا، بۆ رێگریکردن لە بیر لێدان، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ”.
هەرێم فازڵ، گوتیشی” خواستی زۆر لەسەر لێدانی بیری ئاوهەیە لە ئیدارەی سۆران نابێت هیچ هاووڵاتییەک بێ ئاوبێت ، بۆ گوندەکان ڕێنمایی تایبەت خۆیان هەیە، شوێنە گەشتیارییەکان ، کێڵگەی پەلەوەری و کشتوکاڵییەکان، شووشتنەگەکانی ئۆتۆمبێل و مافوور، دام دەزگاکانیش لەسەر نتەری سۆران داوا دەکەن، ئەمەش بەهەموو جۆرێک راگیراوە و مۆڵەتیان پێ نادرێت، بەپێی رێنماییەکانیش نابێت ئاوی ژێر زەوەی بەکار بهێندرێت، دەبێت سوود لە ئاوی سەر زەوەی وەربگیرێت، ئەو کۆمپانیایانەی ئاوی بیرەکانیش دەفڕۆشن قەدەغە و نابێت ئەو کارەبکەن”.
بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆ لە ئیدارەی سۆران باسی لەوەشکرد” هەفتەی ڕابردوو لە قەزای سیدەکان دەزگایەکی لێدانی بیر بەبێ مۆڵەت کاری کردووە لە لایەن ئاسایشەوە دەستی بەسەر داگیراوە و رێکاری یاسایی لە بەرامبەر گیراوەبەرو دەرێنە دادگا، دەربارەی پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیش رێنمایی تایبەت هەیە دەبێت 10هەزار دۆنم زەوی هەبێت ئەوکات مۆڵەتی لێدانی بیری ئاوی پێدەدرێت.