گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی “ھەفتەی داھاتوو دەست بە تۆمارکردنی ناوی کارمەندان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لەڕێگەی لینکەوە دەکرێت، فەرمانبەر و خاوەن بڕوانامەکان و قوتابیان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.”
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێكی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لیژنەیەکی بۆ ھەڵبژاردنی کارمەندانی سەرسندووقەکانی دەنگدان بە سەرپەرشتی دادوەر عەلی ڕەشید محەمەد و بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری گشتی و یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی بۆ کاروباری ئیداری و مالی عەلی ساڵح جەعفەر و ژمارەیەک کارمەند پێکهێناوە، بۆ ئەوەی کارمەند بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان لە ڕۆژی ھەڵبژاردنەکان دیاری بکەن، ئالیەتێک دانراوە و پەسەند کراوە، ڕۆژی سێشەممەی داھاتوو دەتواندرێت داواکاری پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی ببنە کارمەندی کۆمسیۆن لە ڕۆژی دەنگدان، دەتوانن لە ڕێگەی لینکێک داواکاری پێشکەش بکەن.”
جومانە غەلای گوتی “فەرمانبەران، دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکان، قوتابیان و خاوەن بڕوانامەی باڵا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، کە بڕیارە لە ١١/١١ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.”