پشكی هەرێم 13,5 ترلیۆن دینارە، نەك 3,8 ترلیۆن
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بۆ زاری كرمانجی- گوتی: وەك چاوەڕێ دەكرێ پێش هەموو هەڵبژاردنێك لە عێراق، سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان لە بەغداوە دەستی پێكرد، ئەویش بە نووسراوێكی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق كە دەڵێت پشكی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان بە تەواوی نێردراوە لە كاتێكدا تەنیا 3.8 ترلیۆن دینار نێردراوە و پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجە زیاتر لە 13.5 ترلیۆن دینارە، ئەمەش هەر بە قسەی ئێمە نا، بەڵكو بە قسەی خودی عێراقییەكان، وەك بەڕێز نەبیل مەرسوومی، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ لە عێراق وادەڵێت.
ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: بە دڵنیاییەوە ئەم نووسراوەی تەیف سامی گوزارشتە لە باڵادەستیی عەقڵیەتی فاشی لەنێو جومگەكانی دەسەڵات لە عێراق و جگە لە بەكرێگیراو و جاشەكانی خۆیان، كەس باوەڕی پێ ناكات، گومانی تێدا نییە كە ئەم بڕیارانە پێچەوانەی بڕیارەكانی پێشووتری دادگەی فیدڕاڵیی عێراقن و یاخیبوونن بەرامبەر بە بڕیارەكانی ئەو دادگایە كە فەرمانی كردووە بابەتی مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت و مانگانە لە كاتی خۆیدا بدرێت.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ئایا تەیف سامی كە زۆر باسی یاسا دەكات، بە چ یاسایەك تاوەكو ئێستا كە مانگی پێنجی 2025ە حیساباتی خیتامیی داهات خەرجیەكانی ساڵانی رابردووی بۆ پەرلەمانی عێراق نەناردووە، بە چ یاسایەك خۆی لە ناردنی حیساباتی خیتامی دزیوەتەوە؟ ئایا ئەگەر پارێزگایەك لە پارێزگاكانی عێراق كێشەیان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی هەبێت (هەروەك ئێستا كێشە لە نێوان حكوومەتی فیدراڵی و پارێزگای بەسڕە هەیە)، تەیف سامی مووچەی خەڵكی بەسڕەش رادەگرێت؟
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق، ئاشكراشی كرد: هەرێمی كوردستان خاوەن دەسەڵات و بڕیار و سەركردایەتیی سیاسیی خۆیەتی و بە بڕیاری وەزیرێك كە لەژێر فشاری گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسایە هەرێمەكە چۆك بۆ پیلانی نەیاران دانادات، بە پێچەوانەوە بڕیارەكەی تەیف سامی دەبێتە بڵقی سەرئاو و ئەگەر بیانەوێ جێبەجێی بكەن، دەبێ ئەو عێراقەی كە بانگەشەی فیدرالیەتی تێدا دەكرێ، فاتیحەی بۆ بخوێندرێتەوە و ببێتە وڵاتێك كە بە یاسای جەنگەڵ ئیدارە دەدرێ.
مەریوان قەرەنی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشكرد: گەلی كوردستان گەلێكی سەربەرز و خاوەن ئیرادەیە، جگە لە كەمینەیەكی خۆبەبچووكزان بەرامبەر بە بەغدا، كە هیچ كوردێكی بەشەرەف بەرامبەر ئەو زوڵمە بێدەنگ نابێت و ئەم نووسراوە دەبێتە سەرەتایەك بۆ نیشاندانی ئیرادەی راستەقینەی هەرێمی كوردستان بە تەواوی پێكهاتەكانیەوە.
































































