رۆژنامەنووسێكی دیاری شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: بڕیارەكەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بۆ ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، یەكێكە لە كەرەستە سیاسییەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن.
دواب ئەوەی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێكی كرد كە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت، و كۆمەڵێك پاساوەی لاواز و بێ بنەمای خستۆتەڕوو” گوایە پشكی كوردستان لە بودجەی ئەمساڵی عێراق تەواو بووە، بەڵام تا ئێستا تەنیا بەشە مووچەی چوار مانگ لە بەغداوە نێردراوە، دەنگدانەوە و كاردانەوەی توندی لە ئاستی ئەم بریارەی لیكەوتەوە.
لەمبارەیەوە توانا عوسمان، ڕۆژنامەنووس لە سلێمانی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) نووسیویەتی ”سوودانی خۆی بەربژێر دەکات، دەیەوێت وەک ڕەمزی ئاوەدانکردنەوە لە عێراق دەنگ بهێنێت و ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران، یەکێک لە خاڵە لاوازەكانی لەبەردەم ڕکابەرە شیعەکاندا ئەوەیە کە گوایە پێشتر لەبەردەم هەرێمی کوردستاندا شل بووە، بۆیە دەیەوێت ئەم چەند مانگە پڕۆڤەی ڕۆڵێکی تر بکات بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان و بە مالیکی و ڕای گشتیی عەرەبی بڵێت من لە ئێوە توندترم.“
ئەم رۆژنامەنووسە لە كۆتاییدا نووسیویەتی: “یاریکردن بە مووچەی هەرێمی كوردستان، یەکێکە لە کەرەستە سیاسیەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن”.