زارى کرمانجى:
رێباز حەملان بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رای دەگەیەنێت، ئەوەی ئێستە لەبەغدادەوە دەكرێت راستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاووڵاتییانی كوردستانە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ـی ئایار، رێباز حەملان بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق رای گەیاند، وەزیری دارایی عێراق داردەستێكی سیاسیە، محەمەد شیاع سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی و دەوروبەر بۆ مەرامی سیاسی بانگەشەی هەڵبژاردن و گوشاركردن لەسەر گەشەسەندن و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنن هەركات بیانەوێت.
دەشڵێت، لیستی مووچەی مانگی پێنج هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداری نییە، ئەم بڕیارەی 100% سیاسیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان، رێز نەگرتنی دەستوور و یاسای بودجە و بریاری ژمارە (224) ی دادگای فیدراڵییە، كە حكوومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشە و ململانێكان.
روونی كردووەتەوە، سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدرالێ پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوە و تەنیا مووچەیان خەرج كردووە نەك پشكی هەرێم، بۆ ساڵی 2025 بەس بۆ مووچە بری 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینار پشكی هەرێمە و بۆ دانراوە و رێككەوتنی لەسەركراوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە تەنیا سێ ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی هەرێم خەرج كراوە.
ئاماژە بەوەش دەكات، ئەوەی ئێستە لەبەغدادەوە دەكرێت راستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاووڵاتییانی كوردستانە، ئەمە بەشێكە لە گوشارە بەردەوامەكانی بەغداد بۆسەر هاووڵاتیبان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
بریكاری پێشووی دارایی عێراق دەڵێت، بۆ رووبەرووبونەوەی ئەم گوشارانە ئەمرۆ لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و پێكەوەبوونە لەسەر ماف و شایستە داراییەكانی خۆمان بێینە دەنگ، رەنگی حیزبی و بەرگی ناكۆكی بخەینە لاوە
لە كۆتایی قسەكانی دەڵێت، پێویستە وەزیرە كوردەكان لە بەغداد هەڵوێستی كوردانەیان هەبێت ناوەندەكانی بڕیار و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بكەنە مەیدانی بەرگریكردن لە مافی مووچەخۆران و هاووڵاتییان بە دەنگی بەرز داواكاری گەلەكەیان بگەیەنن، ئەگەر ئەوەشیان پێ ناكرێ، قوت و ژیانی خەڵكی كوردستان زۆر لە پۆست و پلە و پایە گەورەترە.

































































