بە چاودێریی مەسرور بارزانی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت.
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29-05-2025، بە چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ڕادەگەیەنێت.
هەڵمەتەکە بە دروشمی (بە یەکەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکی بەهێز و ساغڵەم) بەڕێوە دەچێت. ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە؛ د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و ژمارەیەک دیکە لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار دەبن.
لە هەڵمەتەکەدا، ژمارەیەک پانێل بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچن. ئامانج لێیان، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لە بەرانبەر ماددە هۆشبەرەکان، چارەکردنی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر و شیاندنەوەیانە بۆ نێو کۆمەڵگە.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 388 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە 173 کەس بەکارهێنەر بوونە، 143 بازرگانی ئاسایی بوونە، 72 کەس بازرگانی نێودەوڵەتی بوونە، هەروەها لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی هەزار تۆمەتبار بەهەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.

































































