دوو کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داوای سزادانی عێراق دەکەن، لە بەر ئەوەی بە تەواوەتی ملکەچی ئێران بووە.
کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن و گرێگۆری ستوبی، لە دوو توویتدا نامەیەکیان بۆ مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نووسیوە كە لە سێ لاپەڕە پێكهاتووە، تییدا: نیگەرانین لەوەی عێراق بە تەواوی ملکەچی ئێران بووە. لە کاتێکدا زیاتر لە چوار هەزار و 400 سەربازی ئەمەریکی لە شەڕی عێراق بوونەتە قوربانی، بەڵام بێجگە لەوەی عێراق بووەتە بووکەڵەی دەستی تاران، تا ئێستا هیچ شتێکی دیکەی نەکردووە.
لە بەشێكی نامەکەدا هاتووە ” ئێران بێجگە لە هێزە ئەمنییەکان، سیستمی سیاسی و ئابووری عێراقیشی کۆنترۆڵ کردووە و، پرۆسەی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆی و مانەوەی دڵسۆزانی لە دەسەڵات قۆرخ کردووە”.
لە کۆتاییشدا داوا لە ڕوبیۆ دەکەن، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە عێراق سزا بدات، بە حەشدی شەعبیشەوە.
هەروەها نووسیوویانە ” هاوردەکردنی غازی ئێران، عێراق سزا بدرێت و تەواو ئەو دامەزراوە داراییانەی عێراقیش کە هاوکاریی ئێران دەکەن، بخرێنە لیستی سزاکانەوە”.





































































