مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی مامۆستا چنوور مەزهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، باس لە خوێندنی ئەمساڵ و مامۆستایانی گرێبەست دەكات، دووپاتیشی كردەوە، چەند قوتابخانەیەكی سنوورەكە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و بینای نوێ هەیە، تیشكدەخاتە سەر ڕێكخستنی میلاكاتیش.
لە دەستپێكی قسەكانیدا بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، دەڵێت: لە سنووری پەروەردەی ڕواندز 80 قوتابخانە و باخچەی منداڵان هەیە و ٧٠٩٠ قوتابی لەو باخچە و قوتابخانانە درێژە بە خوێندن دەدەن، لەو ژمارەیەدا ٤٢٠ قوتابی پۆلی ١٢ و ٥٣٢ قوتابییش پۆلی ٩ی بنەڕەتین، پرۆسەی خوێندن زۆر باش بەڕێوەچوو و هیچ كێشەیەك نییە، سەڕەرای بوونی ئەو هەموو پشووەی هەبووە، دەتوانین بڵێین ئەمساڵ تاوەكو ئێستا پڕۆسەی خوێندن زۆر باش بەڕێوەچووە و بێ گرفت بووە.
مامۆستا چنوور مەزهەر، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، بە زاری كرمانجی گووت: ئەمساڵ هیچ وانەبێژێك دانەنراوە، چونكە وانەبێژەكانی ساڵانی ڕابردوو بوونە گرێبەست و لە سنووری پەروەردەی ڕواندز ٢٩٣ مامۆستای گرێبەستمان هەیە، واتە ئێستا 30% میلاكی ئێمە گرێبەستە، هۆكاری كەمی ڕێژەكەش لە سنووری پەروەردەی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ڕێكخستنی میلاكاتمان كردووە، میلاكیش ڕێكخراوە و پێویستمان بەڕێژەیەكی زۆر لە وانەبێژ نابێت و تاكە پەروەردەین كە ڕێكخستنی میلاكاتمان كردووە و ئەم ڕێكخستنە زۆر گرینگە دەبێت هەر هەبێت بۆ ئەمەش دەبێت بەهێز بێت و خاوەن ئیرادەیەكی زۆر بەهێز بێت، بوێر بیت، خزمایەتی و دۆست و هاورێیەتی نابێت تێكەڵ بە پەروەردە بكرێت، ئەو كاتە دەتوانی ڕێكخستنی میلاك بكەیت.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، ڕوونیكردەوە، بەردەوامین لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان، بەڵام هەندێك قوتابخانە هەنە بە نۆژەنكردنەوەش سوودیان نییە، چونكە زۆر كۆن بوونە، هەرچەندە نۆژەنیان بكەینەوە سوودیان نییە، پێویستە بینای نوێ دروست بكرێت لە جیاتی نۆژەنكردنەوەیان، پێویستە گرنگی زیاتر بدرێت بە دروستكردنی قوتابخانە و باخچەی ساوایان و چەندین باخچەمان كردۆتەوە، بەڵام زۆربەیان لە خانوودان، گرنگە منداڵان باخچەیان هەبێت و لە هەموو گوندەكان باخچەمان كردۆتەوە، بەڵام بۆ ئەمەش خانوومان بە كرێ گرتووە، هەندێك باخچە كە سەردانیان دەكەین، بەتایبەتی ئێستا كە كۆتایی ساڵی خوێندنە، كە دەبینی منداڵێك فێری پیتەكانی كوردی بووە و دەنووسێت، لە گوندێكی بناری قەندیل كە نزیكەی كاتژمێرێك لە سنووری قەزای ڕواندزەوە دوورە، جێگەی خۆشحاڵییە، چونكە لە باخچەی ساوایان سەرەتایەك دروست دەكەی بۆ ئەو منداڵە كە دەچێتە قوتابخانە ئامادە دەبێت.
مامۆستا چنوور مەزهەر، دەشڵێت: ئەنجامدانی چالاكی زۆر گرنگە بۆ قوتابییان و پێویستە گرنگی بە بابەتی وەرزش و هونەر بدرێت، چونكە قوتابی هەیە خۆی لەو بابەتانە ئەدزێتەوە و قوتابی هەیە لەبەر ئەو بابەتانە قوتابخانەی خۆشدەوێت، بۆیە نابێت ئەو دوو بابەتە فەرامۆش بكرێن و لەبەر ئەوەشە ئێمە لە سنووری پەروەردەی ڕواندز زۆر گرینگی بە بابەتی هونەر و وەرزش دەدەین.
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕواندز، لە كۆتایی قسەكانیدا، ئاشكرای كرد: ئامادەكاری تەواو كراوە لە لایەن لیژنەكانی پەروەردەی قەزا و لیژنەی كارای تاقیكردنەوەكان بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12 ئامادەیی، هەموو پێداویستییەكیش دابینكراوە، هیوادارین قوتابییەكانمان لە تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ نمرەی زۆر بەرز بەدەست بهێنن.