زاری كرمانجی -مێرگەسۆر:
مستەفا مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، 4000 پەرتووكی جیاواز لە خۆ دەگرێت، خوێنەری كتێبخانە زیاتر پەرتووكی مێژوو، ڕۆمان، فەلسەفە و ئەدەبی دەخوێنەوە. دەشڵێ: كتێبخانەكەمان بێ بینایە، پێویستی بە بینایەكی تایبەت و پاركێكی بچووك هەیە كە حەزی خوێنەر زیاد بكات ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ زیادبوونی خوێنەری كتێب.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، گوتی: كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر لە ساڵی 2009 دامەزراوە و زیاتر لە 4000 پەرتووكی جیاواز لە خۆ دەگرێت، ئەو پەرتووكانەش زیاتر ناونیشانی مێژوویی و ئەدەبینە.
مستەفا مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، دەشڵێ: خوێنەرەكانمان زیاتر قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكانن، هەروەها بەشێك لە خوێنەران فەرمانبەرن دەتوانم بلێم بە گشتی جیلی تازە كە تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 35 ساڵی دایە سەردانی كتێبخانەكە دەكەن و خوێنەری كتێبەكانمانن، خوێنەرەكانی پەرتووك زیاتر پەرتووكی مێژوو، ڕۆمان، فەلسەفە و ئەدەبی دەخوێنەوە.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، ئاشكراشی كرد: قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان تا ڕادەیەكی باش سوودیان لە سەرچاوەكانی كتێبخانەكەمان وەرگرتووە بۆ دروستكردنی ڕاپۆرتی خۆیان جا لە هەر بوارێكدا بێت.
مستەفا مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، گوتیشی: لەڕووی فەرمانبەرەوە كێشەمان هەیە فەرمانبەرمان كەمە هیوادارین ئەو فەرمانگانەی سنووری قەزاكەمان كە میلاكی زیادیان هەیە هەماهەنگی لەگەڵ ئێمە بكەن بۆ گواستنەوەی فەرمانبەری زیادە چ بە تەنسیب بێت یاخود گواستنەوەی ڕاژە بێت.
بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، زیاتر گوتی: بینای خۆمان نییە ئەمەش لای ئێمە گەورەترین هۆكارە بۆ نەبوونی شوێنێكی گونجاو و كەشێكی گونجاو بۆ خوێنەر، هەروەها شوێنەكەمان بچووكە مانگانە كتێبمان بۆ دێت شوێنمان نەماوە بۆ دانانی كتێبەكان، هیوادارین لە ئایندەیەكی نزیكدا حكوومەت بتوانێت بینایەكی تایبەت بە كتێبخانەكەمان بۆ دروست بكات لە شوێنێكی گونجاوی قەزاكەمان، كە كتێبخانە پێویستی بە بینایەكی تایبەت و پاركێكی بچووك هەیە كە حەزی خوێنەر زیاد بكات ئەمەش دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی خوێنەری كتێب.
سەبارەت بە پلانیان بۆ وەرزی هاوین، مستەفا مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، ڕوونیكردەوە: لە وەرزی هاوین پلانی كردنەوەی خولێكی كتێب خوێندنەوەمان هەیە هیوادارین قوتابییان و خوێنەرانی كتێب لەم خولەدا بەشدار بن و پەیوەندیمان پێوە بكەن یاخود سەردانمان بكەن بۆ خۆتۆماركردن.
لە كۆتاییدا مستەفا مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كتێبخانەی گشتی مێرگەسۆر، گوتی: بە وتەیەكی ( ڤیكتۆر هۆگۆ) كۆتایی بە قسەكانم دێنم كە دەڵێت: ((مرۆڤ لە كام شوێن ژیان بەسەر ببات پێویستە لەو شوێنە كتێبێكیش هەبێت)).