زاری کرمانجی :
ئەمڕۆ، چوارشەممە، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ بووەوە.
بڕگەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی فەرميی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەفتەی ڕابردوودا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە ڕوو، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران، ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕوونی کردەوە کە ويلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت. سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە ئاراستەی پتەوکردنی سیستمی فیدراڵی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێم.
پاشان سەرۆک وەزیران، پوختەی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا خستەڕوو.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “لە سەرجەم کۆبوونەوەکاندا، هەردوو لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندیی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیی دانپێدانراو لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.”
ئاماژە بەوەش کراوە “سەبارەت بەکۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە پابەندبوونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، دووپات کردەوە؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە وەزیری دەرەوە، ئامادەیی ئەمەریکای دووپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.”
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: “سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دا، بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان. دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبوونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو.”
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستووەتەڕوو “لە دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور.”
ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە “هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدراڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندیی هەمووان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە. “
































































