بەڵگەی شوێنەواری باش هەیە نیشاندەری ئەوەن خۆشترین شت لە 5000 ساڵ لەمەوبەر بۆ كاتبەسەر بردن ئاهەنگگێڕان بوو.

بۆ كات بەسەر بردن لەم سەردەمەدا كۆمەڵێك هۆكار و كەرەستە هەن و یارمەتیدەری ئەم بابەتەن، بەڵام دەمانەوێت بگەڕینەوە سەردەمانێكی زوو، ئەو كاتەی ئەنتەرنیت و یارییە جۆراوجۆرەكان و خوێندنەوەش نەبووە، ئۆتۆمبێل و چێشتخانە و چلیخانەش نەبوون، ئایا مرۆڤی ئەو سەردەكە چۆن كاتەكانیان بەسەر بردووە. لەم بابەتەدا چەند شارەزایەک وەڵامی پرسیارە سەیرەکەمان دەدەنەوە.
جێنیفر ماتیۆس، پرۆفیسۆر و سەرۆکی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی، زانکۆی ترینیتی، خوێندکاری شوێنەوارناسی مایا، لەمبارەوە دەڵێت” وەک شوێنەوارناسێک زیاتر بیر لەوە دەکەمەوە دەبێ 5 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیان چەندە سەخت بووبێت. زۆربەی مرۆڤەکان تەمەنیان کورت بوو، چاوەڕوان دەکرا منداڵان لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا وەک گەورەساڵان ڕەفتار بکەن، مرۆڤیش دەبوو بچێتە دەرەوە و هەرچی پێویست بوو بۆ مانەوە دروستی بکات.
زیاتر دەلیت ” وێڕای ئەم دۆخە قورسەی ژیان، بەڵام شتگەلێکی وەک ئامێری مۆسیقایان دروست کرد، تەنانەت فلوتەکانی ئێسک لە پاشماوەی 4 هەزار ساڵ لەمەوبەردا دەبینینەوە. وە تەنانەت فلوتێکی نەخشێنراومان لە ساڵی 100ی زایینی دۆزیەوە، لە دەستی خاوەنەکەی دابوو لە گۆڕدا، لە نێو گەلی مایا کۆنەکاندا، گرنگییەکی بەهێزی مۆسیقا و ئامێرە مۆسیقییەکان هەبووە (نزیکەی ساڵی 900ی زایینی). لە یەکێک لە سێ ژوورە بچووکەکانی سەرووی پەرستگایەک لە مەکسیک، مایاکان مۆسیقاژەنیان هەبوو کە جل و بەرگیان لەبەردا بوو و شمشاڵ و تەپڵ و ماراکایان دەژەند”.

جێنیفر ماتیۆس دەڵێت ” ئەم جۆرە دیمەنانە زیاتر لە مەراسیمی فەرمی بۆ دانانی پاشایەکی نوێ لە تەختدا دەبینران و لە ژوورەکانی دیکەشدا بەڵگەی قوربانیدانی مرۆڤ هەیە، بۆیە نازانم ئەم شتانە چەندە بۆ كات بەسەر بردن دەبوون، سەرسامم بە بوونی یارییەکانی ئازتێک لە تۆماری شوێنەواردا. شتگەلێکی وەک سەگ کە تایەی ژێرەوەیان بوو – کە ڕەنگە بە درێژایی زەویدا ڕاکێشرابن – بەڵام زیانێکی کەمیان پێگەیشتووە و پێدەچێت زیاتر پێشکەشکردن بوون بۆ تەرمی مردووەکان، هەروەها بەڵگەی بچووکمان لەسەر بووکەڵە و شتە بچووکەکان دۆزیەوە کە پێمان وابوو یارین، بەڵام ئەگەر واقیعی بین، ڕەنگە بۆ فێرکردنی ڕەفتاری گەورەساڵان بەکارهێنرابن.
بۆیە لە کاتێکدا دڵنیام کە 50 هەزار یان 5 هەزار ساڵ لەمەوبەر ساتەکانی خۆش هەبوون، وەک چیرۆکگێڕان لە دەوری ئاگرەکە یان ئەو شانازییەی دایک و باوک هەستیان پێدەکرد کاتێک منداڵەکەیان شارەزا بوو لە شتێکی وەک ئامێرسازیدا، ئەمانە ساتگەلێکن کە هیچ بەڵگەیەک لەسەر پاشماوەی دێرینەکان نەماوە. پێم وایە لە زۆربەی کاتەکاندا ژیانی هەزاران ساڵ لەمەوبەر تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست بوو بە مانەوە لە جیهانێکی مەترسیداردا. بۆیە دەتوانرێت بڵێین خۆشی یەکێکە لە شتە گرانبەهاکانی جیهانی مۆدێرن.
لە لایەكی دیكەوە لۆک کالسەر، خوێندکاری دکتۆرا، ئەنترۆپۆلۆژی، زانکۆی ئەریزۆنا، لەوبڕوایەدا “یەکێک لە خۆشترین شتەکان کە 5000 ساڵ لەمەوبەر دەتوانیت بیکەیت ئەوە بوو بەردەوام بخۆیتەوە. هەرچەندە لە سەرەتای سەردەمی برۆنزیدا جۆرەها پەرداخی خواردنەوە هەبوون، بەڵام ڕەنگە شووشەی “depas amphikypellon باشترین نموونە بێت بۆ ڕادەی خواردنەوە.
لۆك دەڵیت، پرسیارە گرینگەكە ئەوەیە جیهان بە تایبەتی ئەوروپا 5 هەزار ساڵ لەمەوبەر لە کوێ بووە. ئەم قۆناغە دوای شۆڕشی بەردینی نوێ دێت کە شێوازی ژیانی دانیشتوو و سەرهەڵدانی کشتوکاڵی بەدوای خۆیدا هێنا و خەڵک بە شێوەیەکی سەرەکی خەریکی چالاکیی هەمیشەییتر بوون، واتە بەم شێوەیە خواردنەوە دەتوانێت لەسەر ئاستێکی گەورە ڕووبدات. کاتێکی زۆر هەبوو بۆ دروستکردنی شەراب و بیرە چونکە پێویست نەبوو وەک ڕاوچییەک بژیت کە بەردەوام لە جوڵەدا بوویت. بە ئەگەرێکی زۆرەوە تۆ لە گروپێکی خێزانیدا ژیاویت کە لە گروپێکی خێزانیی ترەوە نزیک بووبێتەوە، ڕۆژێک کۆدەبووینەوە و ئاهەنگێکمان ساز دەکرد، بەڵام بەرهەم دەهێنانی ئەو بڕە زۆرە لە خواردنەوە چۆن بووە، چۆن مامەلەی لەگەڵ كراوە تا ژەهراوی نەبن، لە كاتێكدا مادەی پارێزەری ئەمڕۆت نەبوو.
بۆیە وەڵامی ئەو پرسیارە تا ئێستاش میشكی زۆرێك لە توێژەرانی سەرقاڵ كردووە، بە تەواوەتی دەست نەكەوتووە.

مرۆڤەكان لەسەردەمی كۆن چۆن كاتیان بەسەر بردووە، ئێواران، شەوانە، بەیانیان و هەموو رۆژەكەیان چۆن بەڕی كردووە، بە تایبەتی لە وەرز و كاتە سەختەكاندا وەك زستانی زۆر سارد و بەفراوی، یا هاوینی گەرم و تاقەت پڕووكێن چییان كردووە.
تاكە سەرداوێك كە دەستكەوتووە بریتییە لە كۆبوونەوەی مرۆڤەكان لە قۆناغە جیاكاندا بۆ بابەتی جیا وەك بۆنە یا ئاهەنگ گێرانی جۆراوجۆر، لە كاتێكدا هیچ ئامێرێكی گرینگ و سەرنج راكێش بوونی نەبووە، جگە لە كۆبوونەوە لە دەوری ئاگر یا دانیشتین لە نێو ئەشكەوتەكان.

































































