لەگەڵ داڕمانی بارودۆخی ژیان لە کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا دیسانەوە داوای لە ئیسرائیل کرد هێرشەکانی ڕابگرێت و هۆشداریدا لەوەی دەرکردنی فەلەستینییەکان لەو خاکەدا “لە ڕابردوودا بژاردەیەکی قبوڵکراو نەبووە و لە داهاتووشدا نابێت.”
تایانی، لە وتارەکەیدا لە پەرلەمانی ئیتالیا ڕۆژی چوارشەممە 28ی5ی2025، ڕایگەیاند: وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، شێوەی قبوڵنەکراوی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە “پێویستە بۆردومانەکان بوەستێنرێت، هاوکاری مرۆییەکان بە زووترین کات دەستپێبکاتەوە و ڕێزگرتن لە یاسا مرۆیی نێودەوڵەتییەکان بگەڕێندرێتەوە”.
وەزیری دەرەوەی ئیتالیا لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: وەڵامدانەوەی ڕەوای حکومەتی ئیسرائیل بۆ ئەم کردەوە بەربەری و بێ ئامانجە تیرۆریستییە، ئێستا فۆرمێکی کارەساتبار و قبوڵنەکراوی بەخۆیەوە بینیوە.