توێژەرانی سویدی بۆیان دەرکەوتووە کە دەرمانی پیۆگلیتازۆن کە بۆ نەخۆشی شەکرە بەكار دێت، نەک گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان خاو دەکاتەوە، بەڵکو توانای گەڕانەوەیان و زۆربوونیان لاواز کردووە.
وا دیارە دەرمانی ئۆزێمپیک تاکە دەرمانی شەکرە نییە کە بە نهێنی ڕۆڵی لاوەکی دەگێڕێت لە چارەسەرکردنی حاڵەتێکی دیکە (قەڵەوی). بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست، تیمێکی توێژەرانی سویدی بۆیان دەرکەوتووە دەرمانی (پیۆگلیتازۆن) کە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو دروستکراوە، كاریگەری زۆریشی بۆ ڕێگریکردنی شێرپەنجەی پرۆستاتدا نیشانداوە.
توێژینەوەکە لەسەر مشک كراوە، هەروەها توێژینەوەیەک لەسەر ٦٩ نەخۆشی شێرپەنجەی پرۆستات و شەکرەی جۆری دوو ئەنجامدراوە، هەموویان لە کاتی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەدا هیچ دووبارەبوونەوەی شێرپەنجەیان نەبووە.
لوکاس کێنەر، مامۆستای سەردانکەر لە زانکۆی ئومێۆ لە سوید لە بەیاننامەیەکی بلاوی كردەوە” ئەمە دۆزینەوەیەکی گرنگە، ئێمە چاودێری کلینیکیمان هەیە دەریدەخات ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی پرۆستات و شەکرەیان هەیە و دەرمانیان وەرگرتووە کە پڕۆتینی (PPARy) دەکەنە ئامانج، لەو ماوەیەی کە لەژێر بەدواداچووندا بوون، تووشی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەکە نەبوون”.
پیۆگلیتازۆن – دەرمانێکی باوی دژە شەکرە – نەک تەنها گەشەی خانە شێرپەنجەییەکانی خاوکردەوە، بەڵکو توانای گەڕانەوە و زۆربوونیان لاوازکرد.
کێنەر، ئاماژەی بە دۆزینەوە ئومێدبەخشەکاندا و گووتی” لێکۆڵینەوەی کلینیکی زیاتر پێویستە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان و لێکۆڵینەوە لەوەی کە ئایا ئەم چارەسەرە دەتوانێت کاریگەر هەبێت بۆ ئەو نەخۆشانی شێرپەنجەی پرۆستاتیان هەیە و نەخۆشی شەکرەیان نییە”.
































































