سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پلانەکانی بەهێزکردنی سوپای ئەڵمانیا، کە بەم دواییە لەلایەن بەرلینەوە پەردەی لەسەر لادرا، “زۆر نیگەرانکەرن”.
لە میانی کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ لاڤرۆڤ گوتی: قسەی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری نوێی ئەڵمانیا، فریدریش مێرز، کە بەڵێنیدا ئەڵمانیا بکاتە گەورەترین هێزی سەربازی لە ئەورووپا، “زۆر نیگەرانکەرن”.
لاڤرۆڤ گوتیشی: زۆر کەس دەستبەجێ بیریان لەو قۆناغانە کردەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا، دووجار ئەڵمانیا بوو بە گەورەترین هێزی سەربازیی و کارەساتی بەدوای خۆیدا هێنا، بە ئاماژەدان بە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم.
مێرز، سەرەتای ئەم مانگە، بەڵێنیدا ئەڵمانیا بکاتە بەهێزترین سوپای ئاسایی لە ئەورووپا لە بەرامبەر پەرەسەندنی هەڕەشە و گومانەکانی ڕووسیا لە پاراستنی کیشوەرەکەی ئەمەریکا.
جەختیشی لەوە کردەوە “بەهێزکردنی سەربازی لە پێشینەی ڕەهای ئێمەیە”.
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا، لاڤرۆڤ، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت ڕەگ و ڕیشەی ململانێی ئۆکرانیا چارە بکرێن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا وادەیەک بۆ خولی نوێی دانوستانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕادەگەیەنرێت.
باسی لەوەش کرد، لەم وتووێژە ڕاستەوخۆیانەدا مۆسکۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کیێڤ “هەموو یاسا جیاکارییەکان” هەڵبوەشێنێتەوە کە ئێستا لە ئۆکرانیا کاری پێدەکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە، ڕژێمی کیێڤ، نوێنەرایەتی خەڵکی کریمیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ناکات.