
” بۆ راكردن لە پرسیاری بیزاركەر پەنای بۆ دەبەن “
” راستییەكان دەشارنەوە تا شتە خراپەکان روونەدەن”
” ئەگەر بۆ چاکەش بێت زیان لەگەڵ خۆی دەهێنێت”
ئا/ گوڵستان بەهجەت
درۆکردن حاڵەتێكە لە ژن و پیاودا هەیە، لەم ڕووەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە، هەموو کەسێک لە قۆناغێکی ژیانیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان درۆی کردووە، بەڵام هەندێك لە ژنان بە هۆکاری جۆراوجۆر درۆ دەکەن، ئەمەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نیگەرانییەكانیان یا بۆ رووبەڕووبوونەوە و ڕزگاربوون لێیان، کاتێک ژنان خۆیان لەمجۆرە دۆخانەدا دەبیننەوە، تاکە چارەسەرێک کە دێتە مێشکیانەوە، شاردنەوەی راستییەكانە و بە خێرایی درۆیەك دەدۆزنەوە، هۆکاری درۆکردن لە ئافرەتان جیاوازە و دەکرێت بچووک یا گەورە بێت. بەڵام ئەو خاڵە گرینگەی پێویستە بزاندرێت ئەوەیە، درۆکردن بە هەر هۆکارێک بێت، دەتوانێت زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان بگەیەنێت و لە ئەنجامدا نێوانیان لە ڕادەبەدەر ئاڵۆز بكات.
لەبەر ئەوەی کاتێک مرۆڤ درۆ دەکات دوای ماوەیەک ڕاستی ڕوون دەبێتەوە و شتی جیاواز ڕوودەدات. لەم راپۆڕتە بەنیازین بابەتێکی گشتگیر لەسەر درۆکردنی ئافرەتان بخەینە بەردەم ئەوانەی ئارەزووی مادەی دەروونی زانستی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن بە تەواوی ئاشنای ئەم هۆکارانە بن و تێبگەن کە بۆچی ژنان درۆ دەکەن.
ئایا درۆکردن بۆ پیاوان یان ئافرەتان ئاسانترە؟
وەک دەزانن ژنان تێگەیشتنێکی زۆر بەهێزیان هەیە بۆ هەستەکان و وەرگرە هەستیارەکانیان بەهێزییەکی ناباوەرە، تەنانەت توانای تێگەیشتنیان هەیە لەو شتانەی کە دەرنەبڕدراون. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، زۆر ئەستەمە پیاو رووبەڕوو درۆ لەگەڵ ژن بکات، چونکە ئافرەتان بە خێرایی هەستی پێ دەكەن. لە کاتێکدا وەرگرە هەستیارەکانی مێشكی پیاوان زۆر جیاوازن لە وەرگرەکانی ئافرەتان، بەڵام بە ئەندازەی یەك بەهێزن.
هۆکارەکانی درۆکردنی ئافرەتان چین؟
بەگشتی هۆکاری جۆراوجۆر بۆ درۆکردن هەیە، هەریەکەیان دەبێت بە وردی لێیان بکۆڵینەوە بۆ ئەوەی تێبگەین بۆچی ژنان درۆ دەکەن و هۆکارەکانی ئەم ڕەفتارە چییە.
هەندێكجار درۆ كردن بۆ راكردنە لە پرسیارەكان، ئەم حاڵەتە لای زۆر کەس بوونی هەیە، بۆیە ژنانیش دەگرێتەوە و دەزانن كەسی بەرامبەر بە هەندێک پرسیار بێزاریان دەکەن و کێشەیان دەبێت لە وەڵامدانەوەی راست، ناتوانن بە ئاسانی لەم جۆرە بارودۆخانە ڕزگاریان بێت، بۆیە پێیان باشە درۆ بکەن بۆ ئەوەی یەکسەر هەموو شتێک کۆتایی بێت و دۆخەكە بەردەوام نەبێت.
ڕێگریکردن لە ململانێ و شەڕەکان
ئافرەتان درۆ دەکەن چونکە نایانەوێت پەیوەندیان لەگەڵ هاوسەرەکەیان زیانی پێ بگات. لەبەر ئەوەی دەزانن ئەگەر ڕاستییەکان بڵێن بە دڵنیاییەوە ناکۆکی لە خێزانەکەدا دروست دەبێت، بۆیە درۆکردنیان پێ باشترە، لەوانەیە کارێکیان کردبێت کە ئەگەر هاوسەرەکەیان یان خێزانەکەیان بزانن، بە دڵنیاییەوە دەمەقاڵە و شەڕ دروست دەبێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێیان باشە درۆ بکەن بۆ ئەوەی شتە خراپەکانی تر ڕوونەدەن.
بەھۆی ئەو ھەڵوێستانەی لە ھەندێک خێزاندا ھەیە، کۆت و بەند بۆ کچان و ئافرەتان دروست دەکەن، ئەمەش وایان لێدەکات نەتوانن ئەوەی دەیانەوێت بیکەن. تا ئەم سنووردارکردنانە زیاتر لە خێزانەکەدا بن، ژنان زیاتر ناتوانن ئەوەی دەیانەوێت بیکەن و لە کۆتاییدا هەست بە زیندانیکردن دەکەن، ئەگەر تۆ وەک پیاوێک ئامادە نیت زۆر کار بکەیت، نابێت وا بیر بکەیتەوە کە ژنان وەک تۆ بیربکەنەوە، چونكە بەرژەوەندییەکان لە نێوان ڕەگەزەکاندا جیاوازن، هەروەها نابێت پیاوان لەم ڕووەوە ژنان بە خۆیان بەراورد بکەن و بڵێن لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە بۆ ئێمە گرنگ نییە، بۆ ژنانیش گرنگ نییە، و نابێت هیچ لەو بارەوە بکەن.
ئەنجامدانی چالاکییە دڵخوازەکان
نەبوونی لێکتێگەیشتنی یەکتر هەمیشە کێشەی زۆر بۆ مرۆڤەکان دروست دەکات، ئەمەش لە بەرامبەردا زیان بە ژیانیان دەگەیەنێت. بۆیە ئەو کچ و ژنانەی کە دەخرێنە دۆخێکی بەرتەسککەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو کارە بکەن کە خۆشیان دەوێت، ناچارن درۆ بکەن.
روونیش بۆتەوە خانمان هەمیشە حەز دەکەن لەلایەن کەسانی دیکەوە هانبدرێن و سەرسام بن، بە واتایەکی تر ژن دەیەوێت لە دڵی هەموواندا پێگەی هەبێت، ئەم تایبەتمەندییە لە هەموو ژنەکاندا بوونی هەیە و کاتێک مرۆڤ لە دۆخێکدا بێت، نەتوانێت بەو ئارەزووە بگات درۆ دەکات، واتە درۆ دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت لە مێشکی بەرامبەرەكەی شوێنێک بۆ خۆی دروست بکات.
ھەستی کەسانی تر ھەمیشە زۆر گرنگە بۆ ئافرەتان و ئەگەر بزانن کە دەتوانن بە درۆ کەسێک دڵخۆش بکەن، بە دڵنیاییەوە ئەو کارە دەکەن، شایەنی باسە ئافرەت هەرگیز ڕاستییەکان بۆ ئەو کەسانە ئاشکرا ناکەن کە خۆشیان دەوێت و پێیان باشە بە درۆ دڵخۆشیان بکەن.
هەموو خانمان وابەستەیەکی بەهێزیان بە خێزانەکەیانەوە هەیە و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان خۆشدەوێت. هەروەها بەهۆی رۆحی دایکایەتییەوە هەمیشە هەوڵدەدەن ئاگاداری هەموو ئەندامانی خێزان بن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر بزانن ئاشکراکردنی حەقیقەتێک کێشە لە خێزاندا دروست دەکات، هەرگیز کارێکی وا ناکەن و دۆخەکە بە بە جۆرێكی دیكە دەخەنەڕوو.
هەندێكجاریش شاردنەوەی ناسنامە هۆكارێكی دیكەی شاردنەوەی راستییەكانە، متمانە کردن بە کەسانی تر یەکێکە لە کارە قورسەکان لای خانمان، ئەمەش وادەکات بە ئاسانی متمانەیان بە کەسێک نەبێت، چونکە حەز ناکەن كەس دەستوەردان بکاتە سەر تایبەتمەندیەکانیان. لەبەر ئەم هۆکارەش درۆ دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن ناسنامەی خۆیان لە کەسانی دیکە بشارنەوە، بەتایبەتی ئەگەر بیانەوێت لەگەڵ ئەو کەسەدا جیاببنەوە، پێویست ناکات هیچ زانیارییەکی دیاریکراویان پێ بدەن.
ژنان دەیانەوێت قبوڵ بکرێن و بیر لەوە دەکەنەوە ئەگەر ڕابردوویان ئاشکرا بێت و کەسانی دیکە بزانن چ هەڵەیەکیان کردووە، دۆخەکە زۆر خراپ دەبێت و چیتر لەلایەن کەسانی دیکەوە سەرنجیان نادرێتێ. بۆیە بۆ ئەوەی خۆیان لەم کێشانە بەدوور بگرن، هەوڵ دەدەن بە درۆکردن ڕابردووی خۆیان بسڕنەوە، هەندێكجاریش ژنان ئارەزووی زانینی کۆمەڵێک بابەت دەکەن و بەو پێیەی ناتوانن ڕاستەوخۆ پشتڕاستی بکەنەوە، هەوڵ دەدەن بە درۆکردن لەسەری بزانن.
پێویستە هەمیشە ئەوەت لەبەرچاو بێت، درۆکردن ئەگەر بۆ چاکەی خۆشت بێت، هەر زیانی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئەم زیانەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی مرۆڤەکان دەبێت. بۆ نموونە، رەنگە کەسێک لە نیازپاکی بەرامبەر بە کەسانی دیکە درۆی کردبێت و کاتێک هەموو شتێک ئاشکرا بوو، ئەو کەسە ئیتر هەمان پێگە و بنەمای رەسەنی خۆی نییە.
لەبەر ئەوەی دەشێ درۆکردن لە سەرەتادا متمانەی نێوان مرۆڤەکان لەناو دەبات، کاتێکیش دەست دەکەیت بە درۆکردن لە پەیوەندییەکدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کەسی بەرامبەر وەک پێشتر متمانەت پێ نەکات، تەنانەت ڕەنگە پەیوەندییەکەتان بۆ هەمیشە کۆتایی پێبێت.
مرۆڤەکان زۆر بە خێرایی لەگەڵ شتەکاندا رادێن. بۆ نموونە کاتێک هۆکارێک نەما و مرۆڤ دەست دەکات بە درۆکردن و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە کەسانی دیکە، بە تێپەڕبوونی کات خووی بە درۆکردنەوە دەگرێ و ئەمەش دەبێتە خولیایەک بۆی و دەتوانێت کاریگەریی قەرەبوو نەکراوی لەسەر ژیانی کەسەکە هەبێت.
درۆکردن لەلایەن ژنانەوە چ زیانێکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت؟
بۆ نمونە لە ژیانی هاوسەرییدا ئەگەر ئافرەت درۆ بکات و بابەتی زۆر گرنگ لە مێردەکەی بشارێتەوە ئەوە زیان بە ژیانی پێکەوەیان دەگەیەنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر هاوسەرەکەی بزانێت مەسەلەکە چییە، لەوانەیە چیتر نەیەوێت بەو شێوەیەی پێشتر مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
درۆکردن سیفەتێکە کە دەتوانێت هەر پەیوەندییەک تێکبدات، هەر بۆیە ئەگەر ئەم خووەت هەبێت، پێویستە وازی لێبهێنیت. چونکە هەموو مرۆڤێک ئەو پەیوەندییەی کە تێیدایە خۆشی دەوێت و گرنگی بە قووڵی دەدات و لەبەر ئەم هۆکارەش هەر جۆرە درۆیەک زیان بە پەیوەندییەکان دەگەیەنێت، پێویستە بزانیت ئەگەر درۆزنیت و بەردەوامیت لەسەری، پێویستە بزانیت دوای ماوەیەک پەیوەندییەکەت زیانی پێدەگات و کاریگەری زیانبەخشی لەسەرت دەبێت. لە داهاتوودا درۆکردن لەو شوێنە سەلامەتی خۆت دوورت دەخاتەوە و بە رێگایەکدا دەتبات کە بە هیچ شێوەیەک باش نین.