ن/ رێزان محەمەد مەلا
لە قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، زۆر جار باس لە ڕۆڵی ئافرەتان و گرینگی بەشداریان لە بنیاتنانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەکرێت، بە دڵنیاییەوە ئەمە شتێکی پێویست و دروستە، دەمەوێت لە گۆشەنیگایەکی جیاوازەوە باسی پیاوان بکەم.
ئەو بوونەوەرە ئاڵۆزەی زۆر جار لە بێدەنگیدا خزمەت دەکات، ئەو بێدەنگانەی قسەیان زۆرە.
پیاوان لە کولتووری کوردیدا بەو کەسانە ناسراون دەبێت بەهێز بن، نابێت بگرین، نابێت لاوازی دەربخەن. ئەم کولتوورە بووەتە هۆکاری ئەوەی زۆربەی پیاوان هەست و سۆزی خۆیان بشارنەوە، لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە ڕێژەی خۆکوژی لە ناو پیاواندا بەرزترە، چونکە ئەوان فێر نەکراون چۆن داوای یارمەتی بکەن یا هەستەکانیان دەرببڕن.
لە کاتێکدا خەریکین کۆمەڵگایەکی یەکسان دروست دەکەین، پێویستە بزانین پیاوانیش قوربانی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەن کە خۆیان بەشێکیان لێ بنیات ناوە، ئەوان ستوونی نادیاری کۆمەڵگان.
چاوەڕوان دەکرێت بەردەوام بەهێز بن، بەڵام کەس نەپرسێت “ئایا باشیت؟ چونکە وەڵامەکە هەمیشە دەبێت “بەڵێ” بێت.
پیاوان و بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵگەی کوردیدا
پیاوان هێشتا بەشێکی زۆری بەرپرسیارێتی دارایی خێزان لە ئەستۆ دەگرن، ئەگەرچی ژمارەی ئافرەتانی کارکەر بەرز بووەتەوە، ئەمە شتێکی ئەرێنییە، بەڵام هێشتا چاوەڕوانی کۆمەڵایەتی وایە کە پیاو سەرەکی دابینکەری خێزان بێت. ئەم فشارە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی پیاوان دروست دەکات. توێژینەوەکان دەریانخستووە فشاری کار و بەرپرسیارێتی خێزان لە هۆکارە سەرەکییەکانی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و سترێسی بەردەوامە لە ناو پیاواندا.
پیاوان و پەروەردەی منداڵ
یەکێک لە گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانی سەردەمی ئێستا، بەشداری زیاتری پیاوانە لە پەروەردەی منداڵاندا. ئەو باوکانەی چالاکانە بەشداری پەروەردەی منداڵەکانیان دەکەن، نەک تەنها کاریگەرییەکی ئەرێنیان لەسەر گەشەی منداڵەکانیان هەیە، بەڵکو خۆشیان هەست بە ژیانێکی پڕ مانا دەکەن.
لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە منداڵانی ئەو باوکانەی بەشداری چالاکانەیان هەیە لە پەروەردەدا، متمانە بە خۆبوون و تواناکانی کۆمەڵایەتیان بەرزترە.
پیاوان لە نێوان نەریت و نوێبوونەوەدا
پیاوانی کورد ئێستا لە نێوان دوو جیهاندا دەژین: جیهانی نەریتی کە تێیدا چاوەڕوان دەکرێت بەهێز و سەرکردە بن، و جیهانی نوێ کە تێیدا هاوبەشی و یەکسانی بەها گرنگەکانن. ئەم دۆخە دژبەیەکە زۆر جار دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی ناسنامە و ڕۆڵ.
سەرەڕای ئەمەش، بەدی دەکرێت کە نەوەی نوێی پیاوان خەریکن ڕێگایەکی جیاوازتر دەدۆزنەوە، ڕێگایەك تێیدا دەتوانن هەم پابەندی بنەما ئەرێنییەکانی کولتوورەکەیان بن و هەمیش بتوانن بەشداری چالاکانە بکەن لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەرەو ئایندەیەکی باشتر.
پێویستە لە کۆمەڵگەدا باسی ئەو فشارانە بکەین دەخرێنە سەر پیاوان و ئەو چاوەڕوانیانەی لێیان دەکرێت. گرینگە ئەوە بزانین یەکسانی ڕاستەقینە کاتێک دێتە دی کە هەردوو ڕەگەز ئازاد بن لە کۆت و بەندی کۆمەڵایەتی.
پیاوان تەنها نیوەی کۆمەڵگە نین، وەک چۆن ئافرەتانیش تەنها نیوەی کۆمەڵگا نین. ئەوان تەواوکەری یەکترین، دوو باڵی یەک باڵندە کە تەنها بە هاوکاری یەکتر دەتوانن بەرز بفڕن.
کاتی ئەوە هاتووە وەک کۆمەڵگە، باوەشی گفتوگۆ و تێگەیشتن بکەینەوە و دان بەوەدا بنێین پیاوانیش وەک ئافرەتان، پێویستیان بە پشتگیری و تێگەیشتن هەیە. ئەوان مافی ئەوەیان هەیە هەست و سۆزیان دەرببڕن، داوای یارمەتی بکەن، لاواز بن بەبێ ئەوەی “پیاوەتی”یان لەدەست بدەن، پیاوانی کۆمەڵگەکەمان کەم نین لەوانەی بە بێدەنگی خزمەت دەکەن، ئەوانەی شەوان درەنگ دەگەڕێنەوە ماڵ لە دوای کاری سەخت، ئەوانەی لەپێناو خێزانەکانیاندا خۆیان لەبیر دەکەن، ئەوانەی فێر نەکراون گریان چییە، بەڵام دڵیان پڕە لە برین، با دەنگمان بەرز بکەینەوە بۆ دادپەروەری ڕاستەقینە، بۆ کۆمەڵگایەک کە تێیدا هەموو کەسێک بتوانێت بە ئازادی و بەبێ ترس، خۆی بێت.