لە کاتێکدا کە بڕیارە خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوە بچێت کە تا ئێستا وادەی دانوستانەکانی دیاری نەکراوە، بەرپرسانی ئەمریکی و ئەوروپی نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئیسرائیل بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە هێرش بکاتە سەر ئێران.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل دەتوانێت تەنها لە ماوەی حەوت کاتژمێردا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر تاران ئامادە بکات، بەبێ ئەوەی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بکەوێتە ژێر فشارەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی.
لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی ئیسرائیل پێیان وایە لە ئەگەری هێرشی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، واشنتۆن هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لە پشتیوانی لە تەلئەبیب.
هەروەها کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ڕەنگە نەتانیاهۆ فەرمانی ئەو هێرشە بکات تەنانەت دوای ئەوەی ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی سەرکەوتوو لە نێوان تاران و واشنتۆن ئەنجامدرا.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، دوای دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە بەرپرسانی وڵاتەکەی داوە پلانی هێرشێکی بچوکتر دابنێن کە پێویستی بە هاوکاری ئەمریکا نەبێت.