زارى کرمانجى-حاجى ئۆمەران:
دوای 14 کاتژمێر لە وەستانی گەشتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن گەشتەکانیان بکەن.
سیروان حوسێن، وتەبێژى دەروازەى نێودەوڵەتى حاجى ئۆمەران، بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ”بەهۆی وەستانی سیستەم لە دیوی ئێران، هاووڵاتیان نەیاندەتوانی گەشتی ئەو وڵاتە بکەن، بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر کراوە و هاتووچۆ ئاسایى بۆتەوە، ئەوانەی دوێنی گەڕێنراونەتەوە دەتوانن ئەم گەشتەکانیان بکەن.”
پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ى ئایار، لە دەروازەی تەمەرچینی دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دروستبوونی گرفتێکی تەکنیکی، سەدان هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بەهۆکاری جیاواز ویستوویانە لەڕێگەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە گەشتی وڵاتی ئێران، بە دیاریکراوی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، نەیانتوانیوە گەشت بکەن و گەڕێنراونەتەوە.
حاجی ئۆمەران یەکێکە لەدەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، هۆکارێکە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و کەل و پەل لەنێوان هەردوولا، ڕۆژانە سەدان گەشتیار لەڕێگەی ئەو دەروازەیەوە هاتوچۆ دەکەن.
































































