زاری كرمانجی :
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كورستان كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات .
بەپێی زانیاریەكانی زاری كرمانجی، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان تایبەت دەبێت لە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەت و شاندی یاوەری بۆ ئەمریكا .
لەو سەردانەدا، سەرۆكی حكوومەت، زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكوومەتی ئەمریكا و كۆنگرێسان ئەنجام دا، هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنكارانی ئەمریكی گفتوگۆی لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی كرد. پتەوكردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانیان بوون، هەروەها بەشداری لە گفتوگۆیەكی تایبەتی كۆڕبەندی وزە لە واشنتن كرد بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی كوردستان” كە ڕوانین و دیدگەی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی كەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشك دەخاتە سەر دەرفەتەكانی وەبەرهێنان لەم كەرتەدا.
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمیەكەیدا، چەندین دەستكەوتی گرنگی بەدەستهێناوە، هاوكات سەرپەرشتی واژۆكردنی دوو گرێبەستی لە بواری وزەی كردووە كە بە گووژمەی 100 ملیار دۆلار لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دوو كۆمپانیای ئەمریكی ئەنجامدراوە.


































































