ئەمڕۆ سێشەممە 27/2/2025، پێشەوا هەورامانی، گووتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە: “سبەی چوارشەممە 28/5/2025، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران باسی دەرئەنجامی سەردانەكەی بۆ ئەمریكا دەكات.”
ڕۆژی 17/5/2025، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی حکوومەتی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە واشنتن.
لە سەردانەدا، سەرۆکی حکوومەت زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەمریکا و کۆنگرێسان ئەنجام دا، هەروەها لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنکارانی ئەمریکی گفتوگۆی لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی كرد.
تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تایبەت بوو بە پتەوکردن و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندی و هاوبەشی ستراتیژیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا، هەروەها تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە.
سەرۆکی حکوومەت، هەروەها بەشداری لە گفتوگۆیەکی تایبەتی کۆڕبەندی وزە لە واشنتن كرد بە ناونیشانی “داهاتووی وزە لە هەرێمی کوردستان” کە ڕوانین و دیدگەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە دەخاتە ڕوو و و تیشک دەخاتە سەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا.
هەر لە سەردانەكەی بۆ ئەمریكا، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ مارك ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆ بووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریکا كرد.
جگە لەوانەش، لەو سەردانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا و بە سەرپەرشتیی سەرۆكی حكوومەت، دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ (HKN Energy) و (WesternZagros Resources) کە بەهایان دەیان ملیار دۆلارە و کارەبا بۆ ملیۆنان کەس دابین دەکات، هەلی کاریش دەڕەخسێنێت و ئابووریی کوردستان بەهێزتر دەکات، واژۆ كران.