مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
میدیاكانی ئێران پارێزگاری هەڵەبجە بە لابردنی لەچكەكەی لە كاتی سەردانیكردنیان بۆ لای سەرۆككۆماری ئێران، بە شكاندنی ڕێكارە دیپلۆماسییەكانی وڵاتەكەیان ناو دەبن و دەڵێن “نابێت ئەمە قبووڵ بكرێت.”
لە كاتی سەردانیكردنی پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران و دواتریش ئەنجامدانی دیدارێك لەگەڵ مەسعوود پزیشكیانی سەرۆككۆماری ئێران و دەركەوتنی نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە بێ لەچكە، هەرای لە نێو میدیاكانی ئەو وڵاتەی نایەوە و نووسیویانە لابردنی سەرپۆش لە كاتی سەردانی فەرمی و پرۆتۆكۆلیدا ؛هێڵی سوورە؛ و ئاژانسی خەبەرگزاری فارس وێنەی نوخشە ناسیحی بە بێ سەرپۆش بڵاو كردووەتەوە كە لە نێوان پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری دهۆكدا دانیشتووە و نووسیویەتی “ئەمە شكاندنی یاسا و ڕێكارە دیپلۆماسییەكانی ئێرانە و نابێت قبووڵ بكرێت.”
خەڵك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە نووسینی كۆمێنت پشتگیریان لە پارێزگارەكەی هەڵەبجە كردووە و نووسیویانە “ئەوەی بە دیپلۆماتە گەورەكان نەكرا پارێزگاری هەڵەبجە كردی.”

































































