مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند “كۆڵبەری گەنجی خەڵكی پاوەی سەر بە پارێزگای كرماشان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران لە ناوچەی سنووریی دڕۆڵە لە نەوسوود كوژرا،”
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـى ئایاری 2025، محەممەد ڕەحیمی لە كاتی كۆڵبەری لە سنووری “دڕۆڵە”ی نەوسوود لەلایەن هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران تەقەی لێكراوە و گیانی لەدەستداوە.
محەممەد خێزاندارە و باوكی منداڵێكی بچووك بووە و ماوەی نزیكەی دوو ساڵە لە پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەی لە سنووری نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان كاری كۆڵبەری دەكات.
































































