پەرلەمانتارێكی عێراق : بەشێك لەو موڵكانە بە نایاسایی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی سەباح ی عێراقی، لە زاری ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە حكومەتی عێراق لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمەریكا و ئاسیا، خاوەنی دەییان موڵك و ماڵ و ڤێللا و كۆشكی گرانبەها و كێڵگەی چا و برنجە كە بەشێكی بە شێوەیەكی نایاسایی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت و بەشێكیشیان بێ سەرپەرشت و نۆژەنكردنەوە ماونەتەوە .
محەممەد سدیق ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی ڕۆژنامەی سەباح ەوە داوا لە حكومەتی عێراق دەكات كە بە زووترین كات جەردی ئەو موڵك و ماڵ و ڤێللایانە بكات كە حكومەت خاوەنیەتی و لە كیشوەرەكانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەمریكا بە ناوی وەزارەت و دامەزراوە عێراقییەكانەوەن و دەشڵێت “ژمارەیەكی ئێجگار موڵك و ماڵی حكومەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئاسیایی و ئەورووپی و ئەمریكی دا هەن كە بەناوی حكومەتەوەیە، وەك بەریتانیا، فەرەنسا، سویسرا، ڤێتنام، سریلانكا، تایلەند و سەنگاپوورە و بەشێكیشیان كۆشكی زۆر نایاب و بەها داران لە ئەورووپا،”
ئەو پەرلەمانتاری عێراق نایشارێتەوە كە بەشێك لەو موڵكانە دەستاودەستیان پێوە دەكرێت و بە شێوەیەكی نایاسایی كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت و داوا لە حكومەت دەكات لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتەكان پێكبهێنێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو موڵك و ماڵانە بۆ خەزێنەی گشتی و سزادانی لایەنی بەرپرس و كەمتەرخەم.

































































