محەممەد مێرگەسۆری، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، بۆ زاری كرمانجی ئاشكرای كرد: ناوچەكەمان ناوچەیەكی شاخاوی و لەبارە و ڕووبەرێكی فراوانی دارستانی هەیە دەتوانین بڵێین باشترین ناوچەیە بۆ بەخێوكردنی هەنگ، لەم بوارەشدا خەڵكێكی زۆر خەریكی ئەو كارەن، كە زیاتر لە 500 كەس بەخێوكردنی هەنگ پەرەی پێدەدەن.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر، دەشڵێ: ڕێژەی بەرهەمهێنانی هەنگوین ساڵ لە دوای ساڵ بەهۆی كەشوهەوا و كاریگەریەكانی لە هەڵبەز و دابەزیندایە، لەو دوو ساڵەی ڕابردوودا بڕی بەرهەم زۆر لە كەمی داوە، بەڵام ئەگەر كەشوهەوا لە بار بێت و هەنگ بتوانێت كاری خۆی بكات، بڕی بەرهەمێكی یەكجار زۆرمان دەبێت، كە زیاتر لە 150 تۆن دەبێت، خۆشبەختانە كارگەیەكیشمان هەیە و دەستی بەكار كردووە دەتوانێت هەنگوینی هەنگەوانان وەربگرێت و بۆیان ساغ بكاتەوە و بازاڕیان بۆ پەیدا بكات ئەوەش دەرفەتێكی باشە بۆ ئەوەی خەڵكی ئێمە دەست بەو كارە بكەن و پەرەی پێ بدەن و قازانجی باشتر بكەن.

































































